سەرۆك بارزانی پێشوازی لە وەزیری پلاندانانی عێراق دەكات
ڕۆژی سێشەممە 10ـی 9ـی 2019 لە سەلاحەددین، سەرۆك بارزانی پێشوازی لە نووری ئەلدلێمی، وەزیری پلاندانانی عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا وەزیری پلاندانانی عێراق پێزانینی هەبوو بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە قۆناغە جۆراوجۆرەكانی ژیانی سیاسیی عێراق و هەوڵەكانی بۆ قووڵكردنەوەی فەرهەنگی پێكەوەژیان و بەرگریكردن لە پێكهاتەكان بەرز نرخاند.
هاوکات سوپاسی سەرۆك بارزانی و خەڵكی هەرێمی كوردستانیشی كرد كە لە ڕۆژانی سەختی شەڕی داعشدا میوانداریی سەدان هەزار ئاوارەی عێراقییان كردووە.
وەزیری پلاندانانی عێراق دەستخۆشی لە سەرۆك بارزانی كرد كە ڕێنوێنی و ئامۆژگاریی پارلەمانتارانی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كردووە بۆ ئەوەی بەرگریكاری ماف و داواكاریی هاووڵاتییانی پارێزگاكانی تری عێراقیش بن.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا و پلانەكانی حكوومەتی عێراقی لەمەڕ پڕۆسەی گەشەپێدان لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق و هەروەها ئاوەدانكردنەوە و باشتركردنی ژیانی خەڵك تاوتوێ كرا.
باسنيوز
