بە فەرمانی دادوەر چەند بەرپرسێکی کارگێڕیی باڵا لە هەرێمی کوردستان ڕاگیراون

 بە فەرمانی دادوەر چەند بەرپرسێکی کارگێڕیی باڵا لە هەرێمی کوردستان ڕاگیراون


سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، بە فەرمانی دادوەر، ژمارەیەک بەرپرسی کارگێڕیی باڵا لە هەرێمی کوردستان ڕاگیران و ژمارەیەکی دیکەش بانگهێشتی بەردەم دادگا دەکرێن.



د. ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند كه ، لە ساڵانی رابردوودا سەدان کەیسی گەندەڵی لێکۆڵینەوەیان تێدا کراوە و سەدانیش رەوانەی دادگا کراون، لەنێوان ١٠٠ تا ٢٠٠ کەیسیش یەکلا کراونەتەوە.



ڕوونیشی کردەوە کە بەهۆی نەبوونی دادگایەکی تایبەتمەند، یەکلاکردنەوەی کەیسەکانی گەندەڵی هەندێکجار دوادەکەون، بۆیە داوایان لە کابینەی تازەی حکوومەت کردووە، دادگایەکی تایبەتمەند بە یەکلاکردنەوەی کەیسەکانی گەندەڵی دابمەزرێنێت.



هەر لەو چاوپێکەوتنەیدا ئەحمەد ئەنوەر ئاشکرای کردووە، لەسەر کەیسی گەندەڵی بەردەوام خەڵکی هەن کە رادەگیرێن، ”دوو هەفتەش لەمەوبەر چەند بەرپرسێکی کارگێڕیی باڵا ڕاگیران و لەم یەک دوو هەفتەیەی داهاتووشدا چەند بەرپرسێکی دیکەش بانگ دەکرێن“.



ئاماژەشی بەوە داوە کە ئەمساڵ لە یەک پرۆژە لە پارێزگای سلێمانی، دوای بەدواداچوونیان، کۆمپانیایەک کە بڕی ٦ ملیار دینار قەرزاری شارەوانی بووە، بۆی گێڕاونەتەوە.








باسینوز
Top