تەرمی ئەو گەنجە کوردەی لە ئیتاڵیا شەمەندەفەر لێیدا، دەهێندرێتەوە کوردستان

تەرمی ئەو گەنجە کوردەی لە ئیتاڵیا شەمەندەفەر لێیدا، دەهێندرێتەوە کوردستان
گەنجێکی تەمەن 20 ساڵ لە ئیتاڵیا بەهۆی رووداوی شەمەندەفەر گیانی لەدەستدا و سەرۆکی دەزگای لوتکەش بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران دەڵێت، رێکارەکانی هێنانەوەی تەرمەکەیان لەگەڵ پۆلیس تەواوکردووە و بەمزووانە تەرمەکەی دەگەڕێننەوە کوردستان.

ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران راگەیاند "بەیانی رۆژی شەممە 7-9-2019 لە شاری کرۆتۆنی ئیتاڵیا گەنجێکی 18 ساڵانی کورد کەوتە ژێر شەمەندەفەر و گیانی لەدەستدا. هەرچەندە رۆژی یەکشەممە لە ئەوروپا پشووی فەرمییە، بەڵام کاروبارە یاساییەکانمان لەگەڵ پۆلیسی ئەو وڵاتە بۆ هێنانەوەی تەمەکە تەواوکردووە".

گەنجەکە ناوی مەسروور بەختیار حەمەساڵحە و لە دایکبووی هەولێر و دانیشتووی شارۆچکەی سەیدسادق بوو.

یادگار عومەر، ئامۆزای گەنجەکە لەبارەی گیانلەدەستدانی مەسروور گوت: لەکاتی گەشتنی بە ئیتاڵیا لە چاوەڕوانی ئەوەدا دەبێت لە رێگەی هێڵی شەمەندەفەرەوە ئیتاڵیا بەجێبهێڵێت، بەڵام لەو کاتەدا پۆلیسی ئەو وڵاتە دەبینێت، بۆ ئەوەی لەچاوی پۆلیس خۆی دووربخاتەوە، لەکاتی تێپەڕبوونی بەسەر هێڵی شەمەندەفەرەکەدا، ئاگای لەخۆی نابێت و شەمەندەنەفەرەکە پیایدا دەکێشێت و گیانلەدەست دەدات.

بە گوتەی سەرۆکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران "بەهۆی ئەوەی لەکاتی خۆڕادەستکردنی خۆی بە ئێرانی تۆمارکردووە، رێوشوێنەکان زیاتری ویست تاوەکو لەڕێگەی بەڵگەنامەی پێویستەوە نوێنەرمان لە ئیتاڵیا ئەوەیان بۆ روون بکەنەوە کە عێراقییە. بەوهۆیە مامەی وەکو نوێنەری خانەوادەکەی بۆ رێوشوێنە پێویستەکان و بە نوێنەرایەتی دەزگای لوتکە دەچێت بۆ هێنانەوەی تەرمەکە".

سەرۆکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران ئاماژەی بەوەشکرد "هەوڵدەدەین لەنزیکترین کاتدا تەرمەکە بهێنینەوە، بەهۆی ئەوەی لە ئیتاڵیاوە راستەوخۆ بۆ هەرێمی کوردستان گەشت نییە، بۆیە لە رێگەی تورکیا یان عەممانی پایتەختی ئوردونەوە دەبێت. تێچووی گەڕانەوەی تەمەکەش لەلایەن جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابین کراوە".
Top