لایەنە سیاسییەکانی کورد لە کەرکووک بڕیاری یەک لیستییان دا

لایەنە سیاسییەکانی کورد لە کەرکووک بڕیاری یەک لیستییان دا
ئەمڕۆ دووشەممە ٩ی٩ی٢٠١٩ پارت و لایەنە كوردستانییەكان لە شاری كەركووك، لەسەر یەك لیستی بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك ڕێک کەوتن و بڕیای یەک لیستییان دا.

لەمبارەوە لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لە کەرکووک، لە پرێس کۆنفرانسێکدا هاوپەیمانێتییەكیان راگەیاند و ئاماژەیان بەوەش کردووە: "بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان پێویستیی ئێستایە بۆ کەرکووک و ناوی ئەو لیستەکەش "كەركووك كوردستانییە".

هاوكات لە بەشێكی لە پەیامەکەیاندا داوایان كرد رەوش و باری سیاسی و سەربازیی كەركووك ئاسایی بكرێتەوە و بە زووترین كات ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك كۆ ببێتەوە و كاندیدی كورد بۆ پارێزگاری كەركوك هەڵبژێرێت.

بڕیارە مانگی ٤ی ساڵی ٢٠٢٠ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕیوە بچێت، بەڵام بەهۆی ناسەقامگیریی سیاسی و ئەمنیی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان، کورد تانەی لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان داوە، چونکە بەشێکی زۆر لە کوردانی دانیشتووی ئەو ناوچانە کە ئاوارەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانن، لە مافی دەنگدان بێبەش کراون و لێژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمان لەڕێگەی پارێزەرێکەوە لە دادگای فیدراڵیی عێراق لەبارەی ئەو یاسایەوە سکاڵای تۆمار کردووە.











باسنيوز
Top