هەرێمی كوردستان یاسایەكی نوێ بۆ مۆڵەتی چەک هەڵگرتن دادەنێت
بەختیار بابان بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیس لە وەزارەتی ناوخۆ ڕاگەیاند لە ھەرێمی کوردستاندا دوو یاسا ھەیە بۆ پێدانی مۆڵەتی ھەڵگرتنی چەک، یەکێکیان ھی عێراقە و ئەوەی دیکە ھی ھەرێمی کوردستان، ئەوان زیاتر کار بەوەی ھەرێم دەکەن، بەڵام بە ھۆی کۆنی یاساکە و جیاوازی ئەو ھەلومەرجەی یاساکەی تێدا دەرکراوە، لە ئێستەدا ھەندێ گرفت لە جێبەجێکردنیدا دروست بووە، بۆیە نزیکەی دوو مانگە ھیچ مۆڵەتێک بە کەس نەدراوە بۆ ھەڵگرتنی چەک، ھاوکات ھیچ مۆڵەتێکی ھەڵگرتنی چەکیش نوێ نەکراوەتەوە.
بەختیار بابان گوتیشی دەیانەوێ کار بەو یاسایە نەکەن، بەڵام لادانی یاسا پێویستی بە یاسایەکی دیکە ھەیە، بۆ ئەو مەبەستە لە ئێستەدا سەرقاڵی ڕاوێژکردنن بە کەسانی شارەزا و ئەزموونداری ئەو بوارە بۆ ئەوەی کۆمەڵێک ڕاوبۆچوون و پێشنیازی باش ئامادە بکەن و یاساکۆنەکەی پێ ھەموار بکەنەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیس ڕاشیگەیاند دوای تەواوبوونی کارەکەیان، پڕۆژەکە دەدەن بە ئەنجوومەنی وەزیران و لەوێشەوە بە مەبەستی پەسندکردن، دەدرێتە ھەریەک لە پەرلەمان و سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان و دوای ئەوە لە پێدانی مۆڵەتی ھەڵگرتنی چەک کاری پێدەکرێت.
بە گۆتەی بەختیار بابان، ھەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت بەردەوامە و نەوەستاوە.
