دوای بوومەلەرزە زۆربەی کرێچییەکانی سەرپێڵی زەهاو لە خێوەتدا دەژین
سەرۆکایەتی شارەوانی سەرپێڵی زەهاو داوایکردووە کە خێوەتەکان چۆڵبکەن و ماڵ بە کرێ بگرن، بەڵام کرێچییەکان رەتیدەکەنەوە کە خانوو بەکرێ بگرن، چونکە بە گوتەی خۆیان توانای پێویستیان نییە بۆ بەکرێگرتنی خانوو.
بەرپرسانی کرماشان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە لە هەوڵدان تاوەکو رێگەچارەیەک بۆ ئەم دۆخە بدۆزنەوە و پارچەیەک زەوی وەک قەرەبوو بدەنە کرێچییەکان.
حکومەت پێشتر بڕە پارەیەکی وەک قەرەبوو بەوانە داوە کە لە بوومەلەرزەکەدا تووشی زیانی ماددی هاتوون. بەس ئەمان تەنیا توانیویانە خەرجی هەندێک کاروبار و کەلوپەلی سەرەتایی بکەن.
پێشتر بەرپرسانی حکومەت دەیانگوت ئەمان خانوویان نەبووە، بۆیە ناتوانن یارمەتییان بکەن. بەڵام لەمەودوا وادیارە گۆڕانکارییەک بە قازانجی کرێچییە خێوەت نشینەکان روویداوە. ئێستا بەرپرسانی پارێزگای کرماشان لە هەوڵدان هەر ماڵە و پارچە زەوییەکیان پێبدەن بۆ ئەوەی خانوویەکی لەسەر دروستبکەن. بەڵام ئەمەش هەم کاتێکی زۆری دەوێت و کێشەی دیکەش ئەوەیە بە دەستی بەتاڵ چۆن خانوویەک دروست بکەن.
