لە سایلۆی مەخموور 400 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری گەنم گیریان خواردووە
حوسێن سەید عیسا، یەکێک لە جووتیارەکان راگەیاند، رێگە نادەن ئۆتۆمبێلەکانمان بگەڕێنینەوە، لەبەرئەوەیە بەم شێوەیە گیرمان خواردووە. رۆژانەش کرێی بار هەڵگرەکان نزیکەی 75 هەزار دینار لەسەر جووتیاران دەکەوێت.
عەلی عەتییە، بەڕێوەبەری سایلۆی مەخموور راگەیاند، ''ماوەی 61 رۆژ بەو جووتیارانە درابوو بۆ ئەوەی گەنمەکانیان رادەستی سایلۆ بکەن ئێستاش وادەکە تەواوبووە.
بەشێک لەوانەی وەستاون بازرگانن نەک جووتیار، هاوکات بە بڕیاری سەروویان وەرگرتنی گەنم وەستاوە، بەڵام نووسراویان بۆ وەزارەتی بازرگانی کردووە بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەبارەی ئەو 400 ئۆتۆمبێلە بدرێت ئەو گەنمانە وەربگرن یاخود رەتبکرێتەوە".
بەڕێوەبەری سایلۆی مەخموور ئاماژەی بەوەکرد، بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق رێگە بە گواستنەوەی گەنم لە نێوان پارێزگاکان نادرێت، بەڵام ئەگەر بڕیاری کۆتایی درا بە رەتکردنەوە یان وەرگرتنی ئەو گەنمانە ئەوکات هێزە ئەمنییەکان رێگە بە جووتیاران دەدەن گەنمەکانیان بگوازنەوە.
