عەلی باپیر: داوام لە بارزانی کرد حسابمان بۆ بکەن

عەلی باپیر: داوام لە بارزانی کرد حسابمان بۆ بکەن
عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند، داوام لە بارزانی کرد حسابمان بۆ بکەن، راستە ئێمە ئۆپۆزیسیۆنین، بەڵام دژی حکومەت نین.

ئەمڕۆ (یەکشەممە 8-9-2019)، عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لە پیرمام سەردانی سەرۆک بارزانی کرد و گفتوگۆیان لەبارەی چەند پرسێک کرد. کۆمەڵ دەڵێت، ئامانجی سەردانەکە پتەوکردنی پەیوەندییەکانیانە.

عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "لە کۆبوونەوەکەدا باسمکردووە و گوتوومە کە دەبێت هەرسێ لایەنەکەی پێکهێنەری حکومەت (پارتی، یەکێتی و گۆڕان) تەنیا بیر لە چارەسەری کێشەکانی هەولێر و بەغدا نەکەنەوە، چونکە دەنگی کورد بێهێز دەکات، ئێمەش ئەو لایەنانەی کە ئۆپۆزیسیۆنین (کۆمەڵی ئیسلامی، یەکگرتووی ئیسلامی و نەوەی نوێ) و لایەنەکانی دیکە. دەبێت حسابمان بۆ بکەن، چونکە بۆ خۆتان و بۆ رەوشەکە وا باشە".

ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی لەبارەی ئۆپۆزیسیۆنبوونیان لە حکومەت و رۆڵی ئەوان و لایەنەکانی دیکە لەگەڵ بەغدا گوتی: "ئێمە هەموومان بەرپرسیارین بەرامبەر بەم حکومەتە، بەڵی ئێمە لە حکومەتدا نین و ئۆپۆزیسیۆنین، بەڵام دەبێت حکومەتەکە هی هەموو لایەک بێت. بەڵێ ئێمە ئۆپۆزیسیۆنین، بەڵام دژی حکومەت نین و دڵسۆزی حکومەتین. پێویستیشە بەیەک دەنگ و بەیەک رەنگ مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکەین".

سەبارەت بە رەوشی کەرکووکیش، عەلی باپیر گوتی: "کاک مەسعود گوتی لەگەڵ یەکێتی هەر خەریکین و بڕیاریشە بەیەکەوە دابنیشین بۆ چارەسەری کێشەکانی کەرکووک، ئەوەشمان گوت کە دەبێت زووتر دابنیشن و کێشەکان چارەسەر بکەن".
Top