سەرۆك بارزانی پێشوازی لە ئەمیری كۆمەڵ دەكات

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە ئەمیری كۆمەڵ دەكات
ئەمڕۆ یەكشەممە سەرۆك مەسعود بارزانی لە سەڵاحەدین پێشوازی لە عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە عەبدولستار مەجید ئەندامی مەكتەبی سیاسی و مەلا حەسەن ئەندامی سەركردایەتیی كۆمەڵی ئیسلامی.


لە دیدارەكەدا كە فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی و عەلی حوسێن بەرپرسی مەكتەبی ناوەندیی پەیوەندییە نیشتیمانییەكانی پارتی ئامادەی بوون، بارودۆخی سیاسی و دوا پێشهاتەكانی كوردستان و عێراق و ناوچەكە تاوتوێ كرا.


لەو دانیشتنەدا جەخت لە پێویستی هەماهەنگیی لایەنە كوردستانییەكان لەسەر بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان و خاڵە هاوبەشەكانی نێوانیان و بەدیهێنانی یەكڕیزیی نیشتیمانی كرایەوە.


لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیەدا هەردوولا لەسەر پێویستیی یەكوتاری و هەماهەنگیی فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان لە بەغدا هاوڕا بوون. پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولاش تەوەرێكی تری ئەو دیدارە بوو.










باسنيوز
Top