نێچیرڤان بارزانى ستایشى ڕۆڵى فەڕەنسا دەکات
نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە دیدارەكەیدا لەگەڵ ئۆلیڤیێ دیکۆتینى کۆنسوڵى گشتیى فەڕەنسا لە هەولێر، ستایشى ڕۆڵى ئیمانوێل ماکرۆن و وڵاتی فەڕەنساى كرد لە پشتگیریى هەرێمى کوردستان کرد و دووپاتى کردەوە کە گەلى کوردستان ڕێز و پێزانینى بۆ دۆستایەتى و پشتگیریى فەڕەنسا هەیە، خوازیارى پەرەپێدانى زیاترى پەیوەندییەکانیەتى لەگەڵ فەڕەنسا.
ئاماژەشى بە ڕۆڵى سەرۆکى فەڕەنسا کرد لە پشتگیریکردنى هەرێمى کوردستان و هەوڵەکانى بۆ دەسپێکردنەوەى دیالۆگى هەولێر ـ بەغدا کە لە ئەنجامدا هەردوولا توانییان هەنگاو بۆ ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکان و چارەسەرکردنى هەندێ لە کێشەکان بنێن، هەروەها پشتگیریى خۆى بۆ هەوڵەکانى فەڕەنسا لەپێناو چارەسەرکردنى ناکۆکییەکانى نێوان لایەنە سیاسییە کوردییەکان لە کوردستانى سووریا دەربڕى.
لە دیدارەکەدا هەردوولا تیشکیان خستە سەر دۆخى ئەمنى، سیاسى و ئابووریى عێراق و جەختیان لە گرنگیى هاوکارى و هەماهەنگیى نێوان هەرێمى کوردستان و حکوومەتى فیدرال بۆ پاراستنى ئاسایش و سەقامیگیرى بەتایبەتى لە ناوچە جێناکۆکەکان کردەوە.
لای خۆیەوە کۆنسوڵى گشتیى فەڕەنسا لە هەولێر سوپاس و پێزانینى وڵاتەکەى بۆ هاوکاری و یارمەتییەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ئاوارە و پەنابەران دووپات کردەوە، هەروەها تیشکى خستە سەر سەردانى چاوەڕوانکراوى سەرۆکى فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان.
باسنيوز
