بەرپرسێكی پارتی: هەنگاوەكانی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك بەرەو پێشەوە چوون
ئەمڕۆ یەكشەممە 8/9/2019، مەریوان جەلال، بەرپرسی مەكتەبی راگەیاندنی لقی كەركووكی پارتی، ڕايگەیاند: "لەم چەند رۆژەی رابردوودا شاندنی پارتی و یەكێتی لەگەڵ نوێنەرانی عەرەب و توركمان لە شاری بەغدا كۆ بوونەوە، هەڵبەتە دەرەنجامی ئەو كۆبوونەوانە ئەرێنین و هەنگاوی باش بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك نراوە و چاوەڕێ ئەوەین كە هەنگاوەكان بە كرداری ئەنجام بدرێن".
گوتیشی: "هەرچەندە بەرامبەر بەو هەنگاو و هەوڵانەش، هەوڵ هەیە و دژایەتی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك دەكرێت و دەبینین كە دژایەتیی سەرۆك وەزیرانی عێراقیش دەكرێت و كار لەسەر ئەوە دەكرێت لە پۆستەكەی لای بدەن، ڕەنگە بەشێكیان بەهۆی ئەوەوە بێت كە پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ كورد هەیە، بەڵام وێڕای دۆخی ئێستای عێراق، هەنگاوەكانی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك دڵخۆشكەرن و بەرەو پێشەوە چوون".
لە16ی ئۆكتۆبەری 2017 میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كەركووكیان بە ڕێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی خیانەتكار داگیر كرد و لەو كاتەوە بارودۆخی شارەكە لە هەموو ڕوویەكەوە نائاساییە و دەسەڵاتی سەربازی لە شارەكە حوكم دەكات و ئێستاش هەوڵ بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شارەكە دەنرێت.
باسنيوز
