سەرۆک بارزانی ئامادەیی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا دەربڕی
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، سەرۆک بارزانی سەردانی شاندی هەدەپەی بۆ هەرێمی کوردستان بە گرنگ ناوبرد و ئاماژەی بەوەکرد، هەر پارچەیەکی کوردستان تایبەتمەندیی خۆی هەیە و گوتی، بۆ دووركەوتنەوە لە ئاڵۆزییەكان پێویستە لایەنە كوردییەكان رەچاوی ئەو تایبەتمەندییانە بكەن كە لە هەر بەشێكی كوردستاندا هەیە.
سەرۆک بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە، هیچ كێشەیەك بە كێشەی گەلی كوردیشەوە بە شەڕ و توندووتیژی چارەسەر ناكرێت و دواجار دەبێت رێگەچارەی سیاسی و ئاشتیانە سەر بكەوێت.
دەقی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە
ڕۆژی شەممە 7ـی 9ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە سەزای تەمەللی، هاوسەرۆكی پارتی دیموكراسیی گەلان (هەدەپە) و جێگری هاوسەرۆك و ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی ئەو حزبە لە پارلەمانی توركیا كرد.
لە دیدارەكەدا هاوسەرۆكی هەدەپە پێزانینی هەبوو بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە هاوكێشە سیاسییەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خەبات و پێشخستنی دۆزی ڕەوای گەلی كورد. هەروەها كورتەیەكی لە بارودۆخی سیاسیی توركیا و كێشەی گەلی كورد لە وڵاتە و سیاسەت و دیدگەی حزبەكەی لەمەڕ چۆنییەتی چارەسەركردنی كێشەی كورد و بەدیهێنانی ئاشتی و تەبایی نێوان گەلانی ناوچەكە و وەدەستخستنی یەكڕیزی و یەكگوتاریی لایەنە كوردییەكان بۆ سەرۆك بارزانی شیكردەوە. داوایشی كرد كە سەرۆك بارزانی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕۆڵ و پێگەیەی كە لەناو كوردستان و ناوچەكەدا هەیەتی، یارمەتیی چارەسەری ئاشتیانە و سیاسییانەی كێشەی كورد بدات.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سەردانی شاندی هەدەپەی بۆ هەرێمی كوردستان بە گرنگ وەسف كرد و وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە هەر پارچەیەك لە كوردستان تایبەتمەندیی خۆی هەیە، ڕایگەیاند بۆ دووركەوتنەوە لە ئاڵۆزییەكان پێویستە لایەنە كوردییەكان ڕەچاوی ئەو تایبەتمەندییانە بكەن كە لە هەر بەشێكی كوردستاندا هەیە. جەختیشی لەوە كردەوە كە هیچ كێشەیەك بە كێشەی گەلی كوردیشەوە بە شەڕ و توندوتیژی چارەسەر ناكرێت و دواجار دەبێ ڕێگەچارەی سیاسی و ئاشتیانە سەر بكەوێت. سەرۆك بارزانی لە درێژەی وتەكانیدا ئەوەی بە شاندی میوان ڕاگەیاند كە بۆ یارمەتیدانی چارەسەری ئاشتیانەی كێشەی كورد لە توركیا و بەشەكانی تر لە هیچ هەوڵێك درێخی ناكات و ئەوەی لە دەستی بێت بۆ ئەم مەبەستە ئەنجامی دەدات. سەرۆك بارزانی داوایشی لە شاندی میوان كرد كە سەرباری ئاڵۆزی و بوونی گرفتی قووڵ بە هیچ شێوەیەك لە چارەسەری ئاشتی نائومێد نەبن و ڕێگەیش نەدەن كە بوونی ناكۆكیی سیاسیی ببێتەهۆی سەرهەڵدانی ناكۆكیی نەتەوەیی نێوان كورد و تورك.
جێگەی ئاماژەپێكردنە لەو دیدارەدا فازڵ میرانی، سكرتێر و هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و عەلی حوسێن، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییە نیشتیمانییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم ئامادە بوون.
