لەنێوان كۆمپانیا و حكوومەتدا خانوو و شوققەکانی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون تاپۆ ناكرێن
ئەسعەد عەدۆ، نووسەر و میدیاکار كە ماوەی 10 ساڵە بەدوای مامەڵە تاپۆكردنی خانووەكەیەتی لە پڕۆژەی (باجگر ستی)ی هەولێر، بەڵام ئێستاشی لەگەڵدا بێت بۆیان تاپۆ نەكردووە.
ئەسعەد عەدۆ راگەیاند، لە نەورۆزی 2010وە پارەیان داوە و لەنێو خانووی خۆیاندا نیشتوون، بەڵام بۆیان تاپۆ نەكراوە، گوتی: "10 ساڵە بەدوای تاپۆكردنی خانووەكانمانەوەین، زیاتر لە 10 جار لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر كۆبوونەوەمان كردووە، نووسراویان كردووە، بەڵام ئەگەر هەر ساڵ نووسراوێك كرابێت، بۆچی بە 10 ساڵ تاپۆ ناكرێت، لەلایەن پارێزگار و قایمقامیەت چەندین جار بەڵێنمان پێ دراوە، بەڵام بەڵێنەكانیان نەبردووەتە سەر".
ئەو كە لە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی (باجگر ستی)یە، ئاماژە بەوە دەكات، كۆمپانیاكە كێشەی زۆریان هەیە، بۆیە تاپۆكردنی خانووەكانیش بەم رۆژە گەیشتووە، گوتیشی: "ئەو پرۆژە هی كۆمپانیای جیهانە، كاتی خۆی بە پارەیەكی كەم زەوییەكەیان لە حكوومەت وەرگرتووە، بەڵام بە پارەیەكی زۆر فرۆشراونەتەوە بە خەڵك و ئێستاش نایانەوێت لەسەر خەڵك تاپۆی بكەن".
دووپاتیشی كردەوە، ئەوان و خەڵكی نێو پڕۆژەكە پارەی تەواویان داوە و هیچ قیست و قەرزێكیان لەسەر نەماوە و مافی تاپۆیان هەیە.
ئەسعەد عەدۆ جەختیشی كردەوە، مافی خۆیانە خانووەكانیان لەسەر تاپۆ بكرێت، گوتیشی: "بۆ نموونە دەمانەوێت قەرزێك بە تاپۆ راكێشم، یان خانووی خۆم رەهن بكەم، یان دەمەوێت بیفرۆشم، چونكە تاپۆی هەبێت پارەی زیاتر دەكات نەك بێ تاپۆ بێت".
لەمیانەی قسەكانیدا جەختی كردەوە، پارەی بەناوكردنی تاپۆشیان لەو خەڵكە وەرگرتووە و وەسڵیان هەیە، كە پارەكەیان داوەتە كۆمپانیا، گوتیشی: "تەنانەت كە كڕین و فرۆشتن دەكرێت بەو خانووانە، نوێنەرێكی كۆمپانیاكە لە مامەلەکەدایە".
سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنان لە ھەولێر راگەیاند، دۆسێی پڕۆژەی (باجگر ستی) لە فەرمانگەی تاپۆیە، گوتی: "ئەوراقەكان لە لای تاپۆیە و هیچ نووسراوێك لە لای ئێمە نەماوە، هەندێك كێشەی رسووماتی ماوە، هەموو رێكارە یاساییەكان تەواو بوونە، تەنیا تۆماركردنی ماوە".
ئاماژەی بەوەش دا، كۆمپانیای جێبەجێكاری پڕۆژەكەش كەموكوڕییان هەبووە، وەكو وەبەرهێنان گلەییان لێ كردوون، گوتیشی: "گلەییمان لێ كردوون لەسەر خەمساردییەكانی كۆمپانیاكە، بەم دواییانە بەجدی كاری خۆیان كردووە، بەڵام چونكە دوو پارچە زەویی بازرگانی لەنێو پڕۆژەكەدا بوون، تاوەكوو ئەوان چارەسەر كران بابەتەكە دواكەوت، بەڵام ئێستا كێشەكان تەواو بوونە و لە فەرمانگەی تاپۆكردنی خانووبەرەیە".
بەگشتی لە پارێزگای هەولێر 80 پڕۆژەی نیشتەجێبوون کراون و بەشی زۆریان تاپۆ نەكراون.
بە گوتەی سامان عارەب، زۆرینەی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون بەسەر نیشتەجێبووانیان تاپۆ نەكراون، گوتیشی: "لە هەولێر 20% بۆ 30% تاپۆ كراون، هەر پڕۆژە و بە هۆكاری جیا و كێشەی جیا تاپۆكردنەكەی دواكەوتووە".
سەبارەت بە هۆكارەكانی دواكەوتنی تاپۆكردن گوتی: "پڕۆژە هەیە زەوییەكەی نەكوژێندراوەتەوە، یان زەوییەكە جیا نەكراوەتەوە، یان وەبەرهێنەر پڕۆژەكەی جێ هێشتووە، یان نووسراوی ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنانی نییە، زەویی زۆر لە پڕۆژەكان خاوەنداریی لەنێوان وەزارەتی شارەوانی و كشتوكاڵ و دارایی یەكلایی نەبووەتەوە".
ئاشكراشی كرد، كۆمپانیاكان حەز ناكەن خانوو و یەكەكانی پڕۆژەكانیان تاپۆ بكرێن، گوتیشی: "بەشێك لە كۆمپانیاكان حەز ناكەن تاپۆ بكرێن، چونكە پێش ئێستا پارەیان بە ناوی بەناوكردن وەرگرتووە، ئەگەر خانووەكە بە ناوی هاووڵاتی نەبێت ئەوە دەبێت كەسی كڕیار و فرۆشیار بگەڕێنەوە بۆ كۆمپانیا، بەشێك لە كۆمپانیاكان ئیستیغلالی ئەو بابەتەیان كردووە، بەڵام ئێمە ئاگادارمان كردوونەتەوە و بۆیان نییە یەك دینار بە ناوی رسوومات و تاپۆ لە كەس وەربگرن".
بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی هەولێر ئاماژەی بەوەش دا، لە كاتی تاپۆكردندا وەبەرهێنەر لێخۆشبوونی بۆ دەكرێت لە دانی هەر رسوومات و پارەیەك، گوتیشی: "سەرەتا هەر پڕۆژەیەکی نیشتەجێ بە ناوی وەبەرهێنەر دەكرێت، هیچ بڕە پارەیەكی لێ وەرناگیرێت، بەڵام ئەوە خانووانەی لەنێو پڕۆژەكە، دوای تاپۆكردن كڕین و فرۆشتنیان پێوە دەكرێت، پارەی تاپۆیان لە لایەن حكوومەت وەردەگیرێت".
ئاماژەی بەوەش دا، بەپێی ماددە 5 لە یاسای وەبەرهێنان، وەبەرهێنەر لێخۆشبوونی بۆ دەكرێت لە دانی باج و رسووماتی تاپۆكردنی زەوی.
وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی کوردستان لە 19ی كانوونی دووەمی 2016، بڕیاری داوە بە تاپۆكردنی خانووەكانی پرۆژەكانی نیشتەجێبوون، كە پێشتر بە سوودوەرگرتن لە سندووقی نیشتەجێبوون دروست كراون، بەڵام ئەو بابەتەش وەكوو پێویست نەكراوە.
عارەب راشی گەیاند دوای كابینەی نۆیەم، چاوەڕوانی دەستبەكاربوونی ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان دەبن كە بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی حكوومەت، كێشەی تەملیكردنی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوونیش یەكێك دەبێت لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكان، گوتیشی: "دەكرێت سەرەتا چەند بڕیارێك بۆ تاپۆكردن دەربكرێن بۆ ئاسانكردنی جێبەجێكردنی یاساكە، بەدڵنیایی لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەو كۆبوونەوەیە دەكرێت”.
پێشووتر 32 پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە هەولێر بڕیاری تەملیككردن و تاپۆكردنیان لە لایەن ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان بۆ دەرچووبوو، بەڵام بەشێكیان كێشەیان چارەسەر نەبووە.
پێشووتر عوسمان شوانی، سكرتێری ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان راگەیاندووە، بە بڕیاری سەرۆكی حكوومەت كە سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنانە، یەكەكانی نیشتەجێ بوون تاپۆ دەكرێن.
روونیشی كردەوە، ئەم بڕیارە پەیوەندیی بە فەرمانگەكانی وەبەرهێنانە و پێویستە تیمی بەداواداچوونی فەرمانگەكانی وەبەرهێنان كاری خۆیان بكەن بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە، گوتی: "فەرمانمان دەركردووە كە نابێت لە كاتی تاپۆكردن پارە لە خەڵك وەربگیرێت".
لە رێگەی مۆڵەتی وەبەرهێنان، زیاتر لە 110 هەزار یەكەی نیشتەجێبوونی جۆراوجۆر لە كوردستان دروست كراون، كە بەشی زۆریان تاوەكوو ئێستا تاپۆ نەكراون.
