ڕۆژهەڵاتی کوردستان.. حەوت ژنی کورد لە زیندانەکانی ئێران بەند کراون
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی (هەنگاو) بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئێستا ٧ ژنە چالاکوانی کوردی خەڵکی ڕۆژهەڵات بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی و مەزهەبی لە بەندیخانەکانی ئێران لە دوو ساری ورمێ و سنە ڕاگیراون.
ناسنامە و حوکمی ئەو ژنە بەندکراوانەی وکرد بەم چەشنەیە:
١_ زەینەب جەلالیان
زەینەب جەلالیان، تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵکی ماکۆی سەر بە ورمێ، ١١ ساڵ پێش بە تۆمەتی ئەندامەتی لە پارتی ژیانیی ئازادی کوردستان (پژاک) دەستبەسەر و دواتر حوکمی بەندکرانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپا و ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری خۆی ڕاگیراوە.
٢_ سەحەر کازمی
سەحەر کازمی خەڵکی سنە، ڕێکەوتی ناوەڕاستی هاوینی ئەمساڵ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە حوکمی ٢٠ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە و ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە ڕاگیراوە.
٣_ سیما مورادی
سیما مورادی خەڵکی سەڵماس، مانگی سەرماوەزی ساڵی ٢٠١٨ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەڵماسەوە دەستبەسەر و دواتر بە تۆمەتی هاوکاریکردنی حیزبێکی کوردستانی، حوکمی ٩ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە و ئێستا لە بەندیخانەی ناوندیی شاری خۆی ڕاگیراوە.
٤_ مەقبوولە سکانوەند
مەقبوولە سکانوەند خەڵکی ماکۆ، سەرماوەزی ساڵی ٢٠١٨لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی "ورمێ"وە دەستبەسەر و ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری خۆی دەستبەسەرە.
٥_ ئێران ڕاه پەیکەر
ئێران ڕاه پەیکەر، تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی مەریوان، بەهاری ٢٠١٩ کاتێک لە هەرێمی کوردستان دەگەڕایەوە، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوانەوە دەستبەسەر و ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە ڕاگیراوە.
٦_ زارا محەمەدی
زارا محەمەدی تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی دێولان و کچە چالاکوانی بواری فەرهەنگی، کۆتایی بەهاری ئەمساڵ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەستبەسەر و پاش زیاتر لە سێ مانگ چارەنووسی نادیارە.
٧_ پەروین ئەدوایی
پەروین ئەدوایی خەڵکی "سەوڵاوا"ی سەر بە سنە و دانیشتووی مەریوان، ڕۆژی شەممە هاوینی ئەمساڵ لەلایەن ھێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوانەوە دەستبەسەر و چارەنووسی نادیارە.
باسنيوز
