شارێکی مێژوویی سەردەمی ئاشوورییەکان لە دەشتی شارەزوور دەدۆزرێتەوە

شارێکی مێژوویی سەردەمی ئاشوورییەکان لە دەشتی شارەزوور دەدۆزرێتەوە
تیمێکی شوێنەوارناسی ژاپۆن و لوبنان دوای سێ وەرز کنە و پشکنین لە دەشتی شارەزوور، توانیان ئاسەواری شارێکی ئاشووری بدۆزنەوە.

شارە دۆزراوەکە شوێنی حەوانەوەی ئەو کاروانچیانە بووە کە هاتووچۆی بازرگانیان لەنێوان نەینەوا و ئێراندا کردووە.

شین شنی یاما، شوێنەوارناسی ژاپۆنی راگەیاند "ئەم شوێنە بۆ کوردەکان زۆر گرنگە، بەڵام زۆر کەم توێژینەوەی ئاسەواری لەسەر کراوە. ئەم شوێنە گرنگە، لەبەرئەوەی لەسەرسنووری نێوان عێراق و ئێرانە. ئێرە شارێکی گەورەی ئاشوورییەکان بووە، کە لە جەنگدا بوون لەگەڵ ئێرانییەکان، زۆر گرنگە چونکە هیچ شارێکی گەورەی ئاشووری لەم ناوچەدا بوونی نەبووە".

جگە لە دۆزینەوەی فڕنی دروستکردنی خواردن، گۆڕێکی شاهانەی ئاشوورییەکان دەرکەوتووە کە درێژییەكەی 2.40 مەتر، پانی 1.60 مەتر و بەرزییەکەی 1.40 مەتر بووە.

سامی جەمیل، شوێنەوارناس لە شوێنەواری سلێمانی دەڵێت "دوای ئەو هەڵکۆڵینەی لە گردی یاسین تەپە کردمان شارێکی گەورەی ئاشووریمان لە بەشی باشووری دەروازەی شارەکە دۆزییەوە. لە ناوەڕاستی شارەکە گۆڕێکمان دۆزیوەتەوە کە گۆڕی خێزانی شاهانەی ئاشوورییەکانە، حەوت کەسی تێدا بووە، ئەمەش بۆ شوینەوارناسان گرنگە".

تیمە شوێنەوارناسەکە ئەوەیان بۆ ساخبووەتەوە کە ئەو شارە جیاوازییەکەی لەوەدایە کەسانی سڤیل و بێچەک تێیدا نیشتەجێبوون، چونکە هیچ هێمایەک نییە ئاماژە بە بوونی سەربازگە و سوپا و هێزی سەربازی بکات.

ژیان لە گردی یاسین تەپە لە دەشتی شارەزوور دەگەڕێتەوە بۆ چەند سەردەمێکی جیاواز:

- سەردەمی ئاشووری 1000-600 پێش زایین
- سەردەمی ئەخمینی 559-330 پێش زایین
- سەردەمی پارسیان 300-250 پێش زایین
- سەردەمی ساسانی 226- 651 زایینی
- سەردەمی ئیسلامی 650-160 زایینی.
Top