وەزارەتی بازرگانی عێراق سەرجەم کارگەکانی ئارد لە سلێمانی دادەخات
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق راگەیاند، دوای بەدەست گەیشتنی سکاڵا و زانیاری، لەسەر راسپاردەی محەممەد هاشم عانی، وەزیری بازرگانی عێراق، تیمێکی فەرمانگەی چاودێری بازرگانی و دارایی وەزارەت دوو رۆژە لە پارێزگای سلێمانین و سەردانی لەناکاویان بۆ کارگەکانی ئارد کردووە، دوای پشکنین دەرکەوتووە زیندەوەر لە نێو ئاردەکە هەیە و چەندین سەرپێچی تەکنیکی و جۆریان تێدایە، بۆیە سەرجەم کارگەکانی ئاردیان لە سلێمانی داخستووە کە 10 کارگەن.
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق دەڵێت "رێگەنادەین بەرهەمی خراپ دەرخواردی خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق بدرێت، ئەو کارگانەش پێویستە سەرجەم و کەموکوڕییەکان چاک بکەن بۆئەوەی دەست بەکارکردن بکەنەوە. تاوەکو ئەو گرفتانەش چارەسەر نەکەن ناتوانن دەستپێبکەنەوە.
نەسرین محەممەد عەلی، بەڕێوەبەری دروستکردنی دانەوێڵەی سلێمانی راگەیاند، ئەو رێوشوێنە، رێوشوێنێکی ئاساییە لە هەموو پارێزگاکانی عێراق گیراوەتەبەر، ئەو شاندەی وەزارەتی بازرگانی لە بەغدا هاتوون هیچ کارگەیەکی لە سلێمانی دانەخستووە، بەڵکو هاتوون پشکنینیان بۆ ئەو کارگانە کردووە و لەکاتی پشکنین ئەو کارگانە دەوەستێنرێت تاوەکو ئەنجامی پشکنینەکە دەردەچێت، ئێستا ئەو کارگانەشی پشکنینیان بۆ کراوە و ئەنجامەکەی دەرچووە دەستیان بەکارکردن کردووەتەوە.
ئەو بەڕێوەبەرە جەخت دەکاتەوە، هەر کارگەیەکی ئارد ئەگەر هەر کەموڕییەکی هەبێت، لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکەن و سزای دەدەن.
سەرچاوەی کێشەکەی بۆ هێنانی گەنم لە دەرەوەی پارێزگای سلێمانی بۆ کارگەکان گێڕایەوە، گوتی "کێشەی ئێمە لەوەدایە گەنم لە دەرەوەی سنووری پارێزگای سلێمانی دەهێنین، ئەمەش پێویستی بە بەکارهێنانی ماددەی قڕکەرە بۆئەوەی بەرهەمەکە تەندروست و بێکێشە بێت، ئەو رێوشوێنەشمان گرتووەتەبەر".
تیمەکەی وەزارەتی بازرگانی عێراق تاوەکو رۆژی هەینی لە هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوەو بەدواداچوون بۆ ئەو کارگانە دەکەن. دوای وردبینیکردن لە کارەکانیان و هاوتانەبوونیان لەگەڵ مەرجەکانی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای دانەوێڵەدا، لقەکانی چاودێری لە نەجەف، کەربەلا، بەغدا، ئەنبار، سەلاحەددین و کەرکووک چەندین کارگەی ئاردیان داخستووە.
