هەدەپە: سەزایی تەمەللی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات

هەدەپە: سەزایی تەمەللی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات
نوێنەری هه‌ده‌په لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەزایی تەمەللی سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ هەر سێ سەرۆکایەتییەکە و حیزبەکان کۆدەبێتەوە.

عابد ئیکە، نوێنەری پارتی دیموکراتی گەلان (هه‌ده‌په‌) لە هەرێمی کوردستان راگەیاند، شاندێکی هەدەپە بە سەرۆکایەتی هاوسەرۆک گشتی سەزایی تەمەللی و ژمارەیەک پەرلەمانتار رۆژی 7ی ئەیلوولی 2019 سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن.

شاندەکەی هەدەپە جگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ هەر سێ سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها سەردانی حیزبەکانیش دەکەن و بارودۆخی ناوچەکە و دوا گۆڕانکارییەکان تاوتوێدەکرێن.

لەبارەی هۆکاری سەردانینەکردنی پەروین بوڵدان-ی هاوسەرۆکی هەدەپە، عابد ئیکە گوتی "بەڕێز بوڵدان بەهۆی ئەوەی نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدراوە رەنگە نەتوانێت یاوەری شاندەکەی ئەمجارە ببێت".

ئەمڕۆ (سێشەممە 3-9-2019) شاندێکی بەشی ژنان لە هەدەپە گەیشتوونە هەولێر، کە لە سێ پەرلەمانتاری ژن و سەرۆکی شارەوانییەک پێکهاتوون و لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و رێکخراوەکانی ژنان و ئافرەتان دیدار و کۆبوونەوەیان دەبێت.

سەردانەکەی شاندی باڵای هەدەپە دەبێتە یەکەم سەردانی دەستەی سەرۆکایەتی نوێی ئەو پارتە بۆ هەرێمی کوردستان.
Top