تووندوتیژی دژی ئافرەتان داوا دەکات سنوورێک بۆ دراما تورکییەکان دابنرێت

تووندوتیژی دژی ئافرەتان داوا دەکات سنوورێک بۆ دراما تورکییەکان دابنرێت
پەخشکردنی دراما تورکییەکان ناڕەزایەتی لێکەوتووەتەوە و بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی دژی ئافرەتانیش داوادەکات چاودێری زیاتر بخرێتە سەر ئەو کەناڵانەی کە درامای تورکی پەخش دەکەن، چونکە کاریگەری نەرێنی کردووەتە سەر کۆمەڵگە و بەها کۆمەڵایەتییەکانیان تێکداوە.

ئاری رەفیق، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی دژی ژنان دەڵێت "داوایەکمان ئاراستەی وەزیری رۆشنبیری و لاوان کردووە چاودێری زیاتر بخرێتە سەر ئەو کەناڵانەی کە بەردەوام دراما تورکییەکان پەخش دەکەن، چونکە هەندێک لەو درامایانە کاریگەری خراپیان هەیە و بەها کۆمەڵایەتییەکان تێکدەدەن".

بەگوتەی ئاری رەفیق: هەرێمی کوردستان هاوشیوەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە داوی دراما تورکییەکان رزگاری نەبووە، کەناڵە ناوخۆی و ئاسمانییەکان بەتەنها هێندەی وڵاتانی عەرەبی درامای تورکی پەخشدەکەن.

هاوکات محەمەد سەعید عەلی، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: داواکاری سانسۆرکردنی ژمارەیەک درامایان بەدەستگەیشتووە، کە لە کەناڵە لۆکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان پەخشدەکرێن.

رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی "داوایان لە وەزارەت هەیە هەندێک دراما و فیلمی تورکی، ئێرانی و ئیسلامی رابگیرێن، کە لەگەڵ کولتوور و دابونەریتی ئێمە ناگونجێن و لێکەوتەی خراپیان لەسەر کۆمەڵگە هەبووە".

لە یاسای وەزارەتی رۆشنبیری، سانسۆرکردنی پرۆگرامەکانی کەناڵەکانی تەلەفیزیۆن نەماوە، بەڵکو رێژەی تەمەن دیاریکراوە، کەناڵەکە ئاگاداری بینەرانی دەکاتەوە ئەو فیلم یان درامایە بۆ ئاستی تەمەنی دیاریکراو رێگە پێدراو نییە. کاتێک پابەند نەبوون دەکرێت رێکاری پێویستیان بەرامبەر بگیرێتەبەر.

لەساڵی 2015ـەوە پەخشکردنی درامای تورکی لە هەرێمی کوردستان رۆژ بە رۆژ زیاد دەکات، کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر منداڵ و نەوجەوانان زیاتر رەنگی داوەتەوە، ئاری رەفیق دەڵێت "بۆ نموونە درامای دۆبلاژکراوی تورکی (لێم ببوورە، Beni affet) کە لە هەزار و 477 زنجیرە پێکهاتووە لە کەناڵیکی ئاسمانی 952 زنجیرەی لێنمایشکراوە، ئەگەر کەسێک بیەوێت بینەری تەواوی دراماکە بێت، دەبێت بۆ ماوەی چوار ساڵ تەواوی شەوەکان بۆ ئەوە تەرخانبکات".
Top