هەڕەشە لە كارمەندانی بەشی زیادەڕۆی شارەوانیی سلێمانی دەكرێت
ئەمڕۆ سێشەممە 3/9/2019 ژمارەیەك لە فەرمانبەرانی بەشی زیادەڕۆیی شارەوانی سلێمانی بەهۆی ئەو هەڕەشە و مەترسییانەی لەكاتی ئەركی فەرمیدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، لەبەردەم دادگای سلێمانی گردبوونەوەیەكی ناڕەزایەتییان ئەنجام دا و داوایان كرد گیانی كارمەندانی بەشەكەیان پارێزراو بێت".
فەرمانبەرانی بەشی زیادەڕۆیی شارەوانیی سلێمانی، لە یاداشتێكدا كە ئاڕاستەی دادگا و لایەنی پەیوەندیداریان كردووە، ئەو فەرمانبەرانە ناڕەزایەتی خۆیان نیشاندا لە دەستگیركردنی دوو كارمەندی بەشەكەیان، بەهۆی ئەوەی لە كاتی راپەڕاندنی كاروباری رۆژانەیان خانوویەكی زیادەڕۆیان رووخاندوە، بەڵام بە هۆكاری ئەوەی لەلایەن خاوەنی خانووەكەوە سكاڵایان لەسەر تۆمار كراوە، ماوەی دوو رۆژە بە بڕیاری دادگا دەستگیر كراون.
هاوسەری كارمەندە دەستگیركراوەكەی بەشی زیادەڕەوی لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕایان گەیاند: "تاكوو ئێستا نازانین بە چ هۆیەك و لەسەر چ تۆمەتێك دەستگیر كراوە و ئەو كەسەشی كە سكاڵای لەسەر تۆمار كردووە كێیە، لە كاتێكدا دەستگیركراوەكە فەرمانبەری دەوڵەتە و لەكاتی راپەڕاندنی كاروباری فەرمیدا دەستگیر كراوە".
كارمەندانی بەشی زیادەڕۆی شارەوانیی سلێمانی داوادەكەن، لایەنی پەیوەندیدار گیانی كارمەندانی ئەو بەشە بپارێزێت، چونكە ئەوان كارمەندی حكوومەتن و بەپێی یاسا كار دەكەن".
باسنيوز
