كۆچه‌ر بیركار به‌ بیرمه‌ندی یەکەمی ساڵ هه‌ڵبژێردرا

كۆچه‌ر بیركار به‌ بیرمه‌ندی یەکەمی ساڵ هه‌ڵبژێردرا
دامه‌زراوه‌ی پرۆسپێكت (Prospect) پرۆفیسۆر کۆچەر بیرکار، زانای بواری بیرکاریی خەڵکی كوردی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانی وه‌ك بیرمه‌ندی یەکەمی جیهان هه‌ڵبژارد.

دامه‌زراوه‌كه‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه ٣ی٩ی٢٠١٩‌ براوه‌ی پێشبڕكێی ٥٠ كه‌سایه‌تیی ناوداری جیهانی بۆ به‌ده‌ستهێنانی ناسناوی بیرمه‌نی جیهان بۆ ساڵی ٢٠١٩ ڕاگه‌یاند و ئاشكرای كرد كه‌ كۆچه‌ر بیركار، مامۆستا له‌ زانكۆی كامبریجی به‌ریتانی وه‌ك یەکەم بیرمه‌ندی ئه‌مساڵ‌ هه‌ڵبژێردراوه‌.

به‌پێی ڕاگه‌یه‌ندراوێكی فه‌رمی دامه‌زراوه‌ی پرۆسپێكت، ده‌یان هه‌زار كه‌س به‌شدارییان له‌ ده‌نگدانی ئه‌نته‌رنێتی كردووه‌ و له‌ كۆتاییدا ئه‌م بیركاره‌ كورده‌ وه‌ك كه‌سی یه‌كه‌م ده‌رچووه‌ و ناسناوه‌كه‌ی بردووه‌ته‌وه‌.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەو دامەزراوەیەدا هاتووە: "بیرکار کوردێکی ئێرانە و یەکێک لەو چوار پارچەیەی کە نیشتمانی گەلێکی بێ دەوڵەتن و ئە گەلەی کە هەموو کات وەڵامی داخوازییان بۆ مافە نەتەوەییەکەیان هەمیشە بە مستی ئاسنین دراوەتەوە".

كۆچه‌ر بیركار ساڵی ٢٠١٨ خه‌ڵاتی فیڵدزی بیركاری، كه‌ به‌ نۆبڵی دوونیای زانستی بیركاری هه‌ژمار ده‌كرێت، بردووه‌ته‌وه‌.

کۆچەر بیرکار (فەرەیدوون درەخشانی) ( Caucher Birkar) بیرکارێکی ھاوچەرخی کوردە کە لە ساڵی ١٩٧٨دا لە گوندی (نێ)ی سەر بە شاری مەریوان لەدایک بووە. بیرکار ئێستا لە زانکۆی کەمبریج پرۆفیسۆرە. لە ساڵی ٢٠١٨دا توانی گەورەترین خەڵاتی بیرکاریی جیھانی فیڵدز کە بە نۆبێلی بیرکاری ناسراوە دەستەبەر بکات. کۆچەر بیرکار وتوویەتی «ھیوادارم ئەم خەڵاتە بزە بخاتە سەر لێوی چل میلیۆن کورد."

پاش وەرگرتنی خەڵاتەکە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی خوێندی باڵاوە لە ڕێوڕەسمێکی فەرمی و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی, سەرۆکی پێشووی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە خەڵات کرا.












باسنيوز
Top