چەند زانیارییەك لەبارەی پلەبەرزكردنەوەی پۆلیس و هێزەكانی ناوخۆ
لیوا بەختیار بابان، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی كوردستان رايگەیاند: "بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ لیژنەیەك پێكهاتووە، بۆ دیراسەتكردنی كردنەوەی خول بۆ ئەو مفەوەزانەی بڕوانامەی كۆلیژیان هەیە، تاوەكوو پلەكانیان بەرز بكرێتەوە بۆ ئەفسەر".
زیاتر لە 5 هەزار مفەوەزی پۆلیس، كە دەرچووی كۆلیژن، 8 ساڵە چاوەڕوانی خول دەكەن.
بابان روونی كردەوە، ئەوانە مافی خۆیانە خولیان بۆ بكرێتەوە و ببنە ئەفسەر، بەڵام ئەوە كارێكی ئاسان نییە، چونكە پێویستی بە بودجەیەکی زۆر هەیە، لەو چەند ساڵەی رابردووشدا حكوومەت بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەیتوانیوە خولیان بۆ بكاتەوە، گوتیشی: “لە رووی داراییش پلەبەرزكردنەوە تێچوو و باگرانی دەخاتە سەر حكوومەت، بۆیە دیراسە و لێكلۆڵینەوە دەكرێت، هەوڵ دەدەین كۆمەڵێك لەو پۆلیسانەی بڕوانامەیان هەیە و بڕوانامەكانیشیان خزمەتی پۆلیس دەكات، بخرێنە نێو خولەوە".
جەختیشی كردەوە، ئامانجیان ئەوەیە ئەو مفەوەزانەی دەرچووی كۆلیژی چوارساڵین و خزمەتیان هەیە، ئەوانە خولی ئەفەسەری باڵایان بۆ بكرێتەوە: "ئەوانەی بڕوانامەیان نەبێت، یان بڕوانامەكانیان لە خوار كۆلیژ بێت، جارێ خولیان بۆ ناكرێتەوە و پلەكانیان ناگۆڕدرێت".
ئاشكراشی كرد، چاوەڕوان دەكرێت تاوەكوو ناوەڕاستی ئەم مانگە، دوای گەڵاڵەكردنی چەند خاڵێك بڕیار بۆ ئەو بابەتە دەربكرێت و ئەو كەسانە دەستنیشان بكرێن، كە خولیان بۆ بكرێتەوە و پلەیان پێ بدرێت.
بابان، ئاماژەی بەوەش دا، پێویستیان بە خولی زۆر هەیە، چونكە رۆڵی پۆلیس زۆر فراوان بووە، بنكە و بەڕێوەبەرایەتیی زۆر كراونەتەوە و كارەكان فراوان بوونە، ئەو شوێنانەش پێویستیان بە كارمەند و پۆلیس و ئەفسەری لێهاتوو هەیە.
بۆ دامەزراندنی پۆلیسی تازە، لیوا بەختیار ئاشكرای دەكات: "ئەگەر كردنەوەی دەرگای دامەزراندن زەحمەت بێت، ئەوە ئومێد هەیە و شتێكیش كراوە بۆ ئەوەی لەجێگەدانان بكرێتەوە، واتا لە شوێنی ئەوانەی وازیان هێناوە، یان لادراون، یان خانەنشین كراون خەڵكی تازە دابمەزرێت".
سەبارەت بەو پۆلیسانەی پلەیان بەرز كراوەتەوە و مووچە زیادەكانیان بۆ خەرج نەكراوە، گوتی: "لەگەڵ وەزارەتی دارایی خەریكی ئەوەین بۆ ئەوەی ئەوانەی پلەیان پێ دراوە و جیاوازیی مووچە و پلەكەیان پێ نەدراوە، بۆیان خەرج بكرێت".
باسنيوز
