سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست : بە پێویستی دەزانم ئەنجومەنێکی راوێژکاریی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دابمەزرێ
سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان داوای دامەزراندنی ئەنجومەنێکی راوێژکاری بۆ هەرێمی کوردستان دەکات و رایدەگەیەنێت، دەبێ حزبەکان خۆیان کاک مەسعود بۆ سەرۆکایەتیی ئەو ئەنجومەنە راسپێرن.
محەمەدی حاجی مەحمود (کاکەحەمە)، سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ (دەنگی ئەمریکا)، بە پێویستی دەزانێ ئەنجومەنێکی راوێژکاریی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دابمەزرێ، کە هەموو حزبەکانی کوردستان، لەخۆ بگرێت.
محەمەدی حاجی مەحمود هۆکاری دامەزراندنی ئەو ئەنجومەنەی بۆ بەشداریکردنی هەموو حزبەکان لە دروستکردنی بڕیاری سیاسیی هەرێمی کوردستان گەڕاندووەتەوە، چونکە چەندین حزب هەن نە بەشداری پەرلەمانن و نە حکوومەت.
سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان پێی وایە هیچ حزبێک بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیشەوە دژی دروستکردنی ئەو ئەنجومەنە نییە، ”کۆمەڵێک لە برادەرانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی“ پێیان باش بوو ناوی ئەنجومەنەکە (ئەنجومەنی راوێژکاری) بێت.
لەبارەی سەرۆکایەتیی ئەو ئەنجومەنە، کاکە حەمە رایگەیاندووە، ”پێموایە دەبێ حزبەکان خۆیان پێشنیار بکەن و داوا لە کاک مەسعود بکەن بۆ سەرۆکایەتیی ئەو ئەنجومەنە“، چونکە سەرۆک بارزانی ”کەسایەتییەکی دیار و ناسراوە“ و خاوەن پێگەیە.
محەمەدی حاجی مەحمود جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئەگەرچی ئێستا سەرۆک بارزانی هیچ پۆستێکی فەرمی نییە، بەڵام هەموو شاندە بیانییەکان بۆ کوردستان بەبێ دیدار و وەرگرتنی رای ئەو لەسەر پرسە جیاوازەکانی کوردستان، ناگەڕێنەوە وڵاتەکانیان.
سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان راشیگەیاندووە، سەرۆک بارزانی پێویستی بە پۆست نییە، بەڵام کورد بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی سیاسی یان راوێژکاری، پێویستیی بە کەسایەتیی سەرۆک بارزانییە.
باسنيوز
