حکوومەت چەندین پڕۆژەیاسای گرنگ ئامادە دەکات

 حکوومەت چەندین پڕۆژەیاسای گرنگ ئامادە دەکات
لەپاڵ پڕۆژەیاسای چاکسازی، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوئاهەنگی و هاوکاریی پەرلەمانی کوردستان، لیژنەی تایبەتی بۆ پێکهێناوە و وا بڕیارە بەم نزیکانە بۆ پەسەندکردنی ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، حکوومەت چەندین پڕۆژەیاسای دیکەی گرنگ، پەیوەست بە ژیانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ئامادە دەکات، کە سێکتەرەکانی رێکخستنەوەی ئیداری و راژە و میلاکی فەرمانبەران و کێشەی بندیوار و خانەنشینی و بیمەی تەندروستی و پاراستنی خۆراک و سیستەمی بانکی و هەموارکردنەوەی یاسای وەبەرهێنان دەگرێتەوە.



سەرچاوەیەکی بەرپرس لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رای گەیاند، لەپاڵ پڕۆژەی چاکسازی کە بە هاوئاهەنگی و هاوکاریی پەرلەمان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەی تایبەتی بۆ پێکهێناوە، چەندین پڕۆژەیاسای گرنگی دیکەش، کە هەموویان پەیوەستن بە ژیانی خەڵکەوە، لە بەرنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندان کە ئامادەیان بکات و پێش هەر پرۆژەیاسایەکی تر پێشکەش بە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانیان بکات.



سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، ئەولەویەتی ئەو پڕۆژانە بە چاکسازی دەدرێ لە بواری کارگێڕی و دارایی و رێکخستنەوەی راژە و میلاکات و نەهێشتنی کێشەی مووچەخۆرانی بندیوار و خانەنشینی نایاسایی و رێکخستنەوەی ئەو ئیمتیازانەی کە بە فەرمانبەرانی پلە باڵا و تایبەت دەدرێت، وەکوو دەرماڵە و خانوو ئۆتۆمبێل و ئیفاد و خەرجییەکانیان.



سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش دا، حکوومەت پڕۆژەیاسای دیکەشی بۆ دامەزراندنی دامەزراوەی دەرمان و خۆراک لەبەردەستدایە، کە دامەزراوەکە راستەخۆ سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت، هەروەها هەردوو پرۆژەیاسای بیمەی تەندورستی و مافەکانی نەخۆشیش ئامادە دەکرێن و دەدرێن بە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان، بۆ پەسەندکردن و بە یاساییکردنی ئەو بوارانە کە لە رێگەی ئەو پڕۆژانەوە حکوومەت زیاتر دەستکراوە دەبێت، بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر لە کەرتی تەندروستی و پاراستنی ئاسایشی خۆراک لە هەرێمی کوردستان.



ئەو سەرچاوەیە کە زانیارییەکان ئەوەشی خستە ڕوو، جگە لەو پڕۆژانە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێ لە ڕێگەی پرۆژەیاسایەکی تایبەتەوە کاروبار و سیستەمی بانکی بەتەواوی رێک بخاتەوە، بە جۆرێک کە متمانەی خەڵک بۆ بانکەکان بگەڕێنێتەوە و کارئاسانیی زۆر بۆ جووڵەپێکردنی سەرمایە و دراو لە هەرێمی کوردستان دەستەبەر بکات.



سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، هەر لە بواری چاکسازیدا، حکوومەت پڕۆژەی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای وەبەرهێنان ئامادە کردووە، کە لە رابردوودا رەخنە و گلەیی زۆری هاووڵاتییان و هاوبەشەکانی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونی کەوتووەتە سەر.



پێشتریش لە نووسراوێکی فەرمیدا، ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان ناوى ئەو کەسانەى ئاشکرا کرد، کە ئەرکى چاکسازیکردنیان لە مووچە و خانەنشینى و دەرماڵەکان پێ سپێردراوە، كه پێكهاتوون له هەر یەک لە (وەزیری دارایی، وەزیری پلاندانان، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری و نوێنەرێكی پرۆژەی تۆماری مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە سیستمی بایۆمەتری)ی تێدایە.



چاودێران و شارەزایانی ئەو سێکتەرانەش پێیان وایە، پەسەندكردنی پڕۆژە یاسای چاكسازی، کە بەهۆیەوە سندوقی خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان دروست دەكرێت، هەروەها دامەزراندنی دامەزراوەی دەرمان و خۆراک، بوونی بیمەی تەندروستی و دامەزراندنی سیستەمێکی بانکیی نوێ بۆ بانکەکانی هەرێمی کوردستان، کاریگەریی گەورەی ئەرێنیی راستەوخۆ دەکاتە سەر ژیانی هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستان.



لەمبارەیەوە، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ(باس) رای گەیاند: “بیمەی تەندروستی لە خاڵی یەکەمی هێڵە گشتییەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتدا ئاماژەی پێ دراوە گوتیشی: “کۆمەڵێک جۆری بیمەی تەندروستیمان لەبەردەستدا هەیە، کە دەمانەوێ لە ڕێگەی کۆنفرانس و شارەزایانەوە زۆرترین شارەزایی لەبارەی جۆرەکانی کۆ بکەینەوە و باشترینیان بۆ هەرێمی کوردستان هەڵبژێرین و جێبەجێ بکەین، ئەمە دوای ئەوەی لە ڕیگەی پرۆژەیاسایەکی تایبەتەوە حکوومەت پێشکەشی پەرلەمانی دەکات و پەسەند دەکرێت”.



بۆ بواری وەبەرهێنان، د.محەمەد عەلی، دکتۆرا و شارەزای یاسایی لە کەرتی وەبەرهێنان، بۆ (باس) رای گەیاند، کەرتی وەبەرهێنان لە هەموو کەرتەکانی دیکە زیاتر پێویستی بە رێکخستنەوە و هەمواری یاساکەی هەیە، گوتیشی: ”گرنگە لە هەمواری ئەو یاسایەدا هەموو ئەو گەندەڵییانە رابگیرێن، کە بەناوی ئەو کەرتەوە لە هەرێمی کوردستان بەردەوامییان هەیە، بەتایبەتی ئەو پارانەی بەناوی خزمەتگوزارییەوە لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون وەردەگیرێن، بەبێ ئەوەی لەبەرامبەردا هیچ خزمەتێکی ئەوتۆ هەبێت، هەروەها کیشەی تاپۆکردنی یەکەکانی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لەسەر کڕیارانی، هەروەها ئەو پڕۆژانە بۆ حکوومەت بگەڕێنەوە و لە دەستی تاکەکەسدان و خاوەن پڕۆژەکان دەربهێنرێن”.



بۆ بواری ئابووری و سیستەمی بانکییش، ئابووریناش ئیدریس رەمەزان، بۆ (باس) رای گەیاند، دامەزراوەی بانکی لە هەرێمی کوردستان زۆر پێویستی بە رێکخستنەوە و سیستەمێکی نوێی ئەلکترۆنی هەیە، بە جۆرێک، کە متمانە بۆ خەڵکی بگەڕێنێتەوە و پارەکانیان لە ماڵەوە بۆ بانکەکان بگوازنەوە، کە ئەوەش لەلایەک گەشەکردنی ئابووری و دارایی بۆ هەرێمی کوردستان دەستەبەر دەکات، لەلایەکی دیکەشەوە هاووڵاتییان بە بەکارهێنانی ئەو سیستەمە، بەئاسانی و بە تەناهیی زۆرەوە جووڵە بە پارەکانیان دەکەن.



گوتیشی: ”دەکرێ هەموو بانکە حکوومی و ئەهلییەکان یەک سیستەمی ئەلکترۆنییان هەبێت و بە تۆڕێکی فراوان بەیەکەوە بەسترابنەوە، بەڵام هەریەکەیان بێ گومان کار و شێوەی مامەڵەکانیان جیاوازە، ئەوەش ئاساییە و پەیوەندیی بە ئامانجی دامەزراندنی بانکەکەوە هەیە“.



جەختی لەوەش کردەوە، ئەو سیستەمەی ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، سیستەمێکی کۆن و لاوازە و لەتوانایدا نییە جووڵەی دراو و ئابووریی مۆدێرن ئیدارە بکات، لەبەرئەوە دامەزراندنی سیستەمێکی نوێ لە ڕێگەی یاساوە، جگە لە خێراکردنی رۆڵە ئابوورییەکە، زۆر کارئاسانی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات.



هاوکات، د. مۆفەق سلێمان، بەڕێوەبەری تاقیگەی کوالێتیی کۆنتڕۆڵ لە سنووری ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران، بۆ (باس) جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە دامەزراندنی دامەزراوەی دەرمان و خۆراک لە هەرێمی کوردستان، گرنگیی زۆری دەبێت، چونکە ژیانی راستەوخۆی خەڵکی کوردستانی پێوە بەندە و ئاسایشی خۆراک و دەرمان دەستەبەر دەکات. دەبێ پرۆژەیاسایەکی تۆکمە بێت و دامەزراوەکە خەڵکی کوردستان لە مەترسییەکانی دەرمان و خۆراکی ئێکسپایەر بەیەکجاری رزگار بکات.\








باسنيوز
Top