ئەندامێکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی: ئەگەر یەكێتی بەم شێوەیە كۆنگرە ببەستێت كێشەی گەورە ڕوو دەدات

ئەندامێکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی: ئەگەر یەكێتی بەم شێوەیە كۆنگرە ببەستێت كێشەی گەورە ڕوو دەدات
سەركردەیەكی پێشووی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕای گەیاند ئەگەر یەكێتی كێشەكانی چارەسەر نەكات و بەو شێوەیە بچێتە ناو كۆنگرەوە، یەكێتی تووشی كێشەی گەورە دەبێت.

لەمبارەوە مامۆستا جەعفەر، نووسەر و ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایگەیاند: "یەكێتی لە چەندین باڵ و ئاڕاستەی جیاواز پێكهاتووە، هەموو باڵەكانی ناو یەكێتی خۆیان بە هەق دەزانن، هەرچەندە ئێستا كۆمەڵێك كێشەی زەق لەناو یەكێتی هەیە، بەڵام ئەگەر یەكێتی كێشەی باڵەكانی چارەسەر نەكات، ئەستەمە بتوانێت مانگی 11ی ئەمساڵ كۆنگرەی چوارەم ببەستێت، چونكە كێشەكانی یەكێتی هێندە زەق و ئاڵۆزن، ئەو حزبە ناتوانێ بەو شێوەیە كۆنگرەی گۆڕانكاری و نوێبوونەوە ببەستێت".

گوتیشی: "هیوادارم یەكێتی كێشەی باڵەكانی خۆی چارەسەر بكات و ئینجا بچێتە ناو كۆنگرەوە، ئەگەر یەكێتی بەو كێشانەوە بچێتە گۆنگرە، بێگومان كۆنگرە دەبێتە هەڵوەشاندنەوەی یەكێتی و لەناو كۆنگرەدا كێشەی گەورە ڕوو دەدات، دواجار كۆنگرە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانە، نەوەكوو سەرهەڵدانی كێشەی نوێ و خۆ ئینتحاركردنی یەكێتی".

مامۆستا جەعفەر، جەختییشی كردەوە: "ئەگەر یەكێتی بەو شێوەیە كۆنگرە ببەستێت، كۆنگرەكەی دەبێتە گەڕەلاوژێ، بۆیە تەمەنا دەكەم یەكێتی خۆی نەداتە دەستی قەزا و قەدەر و كێشەكانی چارەسەر بكات و بەو شێوەیە كۆنگرە نەبەستێت، چونكە كێشەی گەورە و ئاڵۆز ڕوو دەدات و هیچ گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ لەناو یەكێتی ناكرێت".










باسنیوز
Top