له باڵه‌كایه‌تی فڕۆكه‌یەكی توركیا ئۆتۆمبێلێكی په‌كه‌كه‌ی کردە ئامانج
فه‌یسه‌ل حوسێن، به‌ڕێوه‌به‌ری شارۆچکەی سمیلانی سه‌ر به قه‌زای چۆمان به رووداوی رایگه‌یاند: "پارتی كرێكارانی كوردستان له سنووره‌كه‌دا بنكه و باره‌گایان نییه، به‌ڵام ناوچه‌كه به ده‌ڤه‌ری برادۆست ده‌به‌ستێته‌وه‌و زۆرجار په‌كه‌كه هاتووچۆی تێدا ده‌كات".
به‌ڕێوه‌به‌ری شارۆچکەی سمیلانی سه‌ر به قه‌زای چۆمان لەبارەی بۆردوومانەکەوە گوتی: "دره‌نگانی شه‌وی رابردوو بوو كه فرۆكەیەكی توركیا هاته ئاسمانی ناوچه‌كه و دوای نیو كاژێر سووڕانه‌وه، كوێستانه‌كانی سارتكه و شیوێ زایێی له سنووری شارۆچکەی سمیلان بۆردوومانكرد و له بۆردوومانه‌كه‌شدا ئۆتۆمبێلێكی په‌كه‌كه‌ی پێكاوه كه دوو گه‌ریلای تێدا بووه‌و سوتاوون".
ئه‌و كوێستانانه‌ی شەوی رابردوو بۆردوومانكران، بەرزترین ناوچه‌ی عێراقن و ده‌كه‌ونه بناری چیای هه‌ڵگورد كه به‌رزی له ئاستی رووی ده‌ریاوه (3706) مه‌تره. واری جوتیار و مه‌ڕدارانه و له‌م وه‌رزه‌دا به سه‌دان خێزان تێیدا سه‌رقاڵی كار و كاسبین.
هێرشی ئاسمانی کرایەسەر خواکوڕک
بە هاوئاهەنگیی سوپای توركیا و ده‌زگای هه‌واڵگری (MIT)، ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیی كرایه سه‌ر ناوچه‌ی خواكوڕك و لە ئەنجامدا، پێنج گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان/پەکەکە گیانیان لەدەستدا.
به‌پێی راگەیەندراوێکی وه‌زاره‌تی به‌رگریی توركیا ئەو پێنج گەریلایە "زووتر لە ناوچەکە به‌دیكرابوون و لەڕێی ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانییەوە کوژراون".
ئەمە لەکاتێکدایە کە تاوەکو ئێستا ئەم راگەیێندراوەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا لەلایەن میدیاکانی نزیک لە پەکەکە پشتڕاستنەکراوەتەوە و هیچ روونکردنەوەیەکیان لەمبارەیەوە نییە.
رووداو
