سلێمانی.. بە هۆکارێکی نادیار 400 دۆنم پوش و پاوان سووتا
هێمن کەمەرخان، گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ڕاگەیاند: "بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و بوونی ڕوبەرێکی زۆر لە پووش و پەرێزی دەغڵ و دان هۆکارێکی بەهێزن بۆ زۆربوونی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە، لەو بارەیەوە لە چوار ڕووداوی جیاوازی ئاگرکەوتنەوەدا لە قەرەداغ لە سنوورەکانی ( گوندی گومەتە، چیای سێوسێنان و کەڵۆش، چیای خاوێ و مێوڵی، بەنداوی چەمی سمۆرە )، نزیکەی 400 دۆنم لە پوش و پاوان و داری سرووشتی سنوورەکە سووتان".
ڕاشیگەیاند: "لەلایەن کارمەندانی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی قەرەداغ و بنکەی سێوسێنان بە هاوکاری لەگەڵ ئاگرکوژێنەوە و ئاسایشی قەرەداغ و فڕۆکەی ئاگرکوژێنەوە ڕێگری لە تەشەنەکردنی ئاگرەکە کرا و کوژاندیانەوە".
ئاماژەی بە ئەوەش کرد، لە زۆربەی ڕووداوەکاندا هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکان نەزانراوە و لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە بارەیانەوە بەردەوامە، تەنیا لە یەكێك لە ڕووداوەکاندا کەسێك بە تۆمەتی هۆکاری ئاگرکەوتنەوە دەستگیرکراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە ڕێکخراوەو ڕادەستی دادوەر کراوە بۆ وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی.
