ھەفتەی داھاتوو ھاوردەکردنی ھەنار قەدەغە دەکرێت

ھەفتەی داھاتوو ھاوردەکردنی ھەنار قەدەغە دەکرێت
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد لە ھەفتەی داھاتووەوە ھاوردەکردنی ھەنار بۆ ھەرێمی کوردستان قەدەغە دەکرێت.

حسێن حەمەکەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕاگەیاند: "لە پێناو پاراستنی بەرھەمی ھەناری ناوخۆ و پارێزگاریکردن لە نرخەکەی و لەبەر بەرژەوەندی جووتیاران، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بڕیاری دا لە ھەفتەی داھاتوودا ( چوارشەممە ١٠ / ٩ / ٢٠١٩ )ەوە ھاوردەکردنی ھەنار لە دەرەوە قەدەغە بکات".

گوتیشی: "بۆ ئەو مەبەستە نووسراو بۆ گومرگ و بازگەکانی سنوورەکان کراوە کە لەو رێککەوتەوە ڕێگە بە ھاوردەکردنی ھەنار نەدەن".

ڕاشیگەیاند: "پێش بڕیارەکەش باجمان خستووەتە سەر ئەو ھەنارەی کە دێتە ھەرێمی کوردستانن ھاوکات لەکاتی کەوتنە باری جێبەجێکردنی بڕیارەکە چاودێری وردی ئەوانەی دەکەین کە دەیانەوێت بە قاچاخ ھەنار بھێننە ناوەوەی ھەرێمەوە".

بەگوتەی حسێن حەمەکەریم بەھۆی گونجاوی ئاو و ھەوا و خاکی ھەرێمی کوردستانەوە، جووتیارێکی زۆر ڕوویان لە چاندنی ھەنار کردووەو بووەتە سەرچاوەیەکی سەرەکی داھاتییان.
Top