کۆنترۆڵی کارەبا: پێدانی کارەبا بە هاونیشتمانییان زیاد دەکات

کۆنترۆڵی کارەبا: پێدانی کارەبا بە هاونیشتمانییان زیاد دەکات
بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستان دەڵێت "بەمەبەستی دیاریکردنی پێداویستییەکان و بڕی پێدانی کارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتیان لە مانگی ئەیلوولدا کۆدەبینەوە و پێدانی کارەبای نیشتیمانی زیاد دەکات".

ئومێد ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستان راگەیاند "بەمەبەستی دیاریکردنی پێداویستی و بڕی پێدانی کارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتیان لە مانگی ئەیلوولدا ئامادەکارییمان کردووە، لایەنە پەیوەندیدارەکان سبەی دووشەممە 2-9-2019 سەبارەت بە پێدانی کارەبای مانگی ئەیلوول کۆدەبینەوە. بەدڵنیاییەوە بڕی کارەبای نیشتمانی زیاد دەکات".

ئومێد ئەحمەد ئەوەشی گوت "بەهۆی نزمبوونەوەی پلەی گەرما، لە مانگی ئەیلوولدا خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا کەمدەبێتەوە و بەوهۆیەوە بڕی پێدانی کارەبای نیشتمانی لە مانگی رابردوو زیاتر دەبێت".

بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستان، مانگی ئاب 16 بۆ 17 کاژێر کارەبای نیشتمانی بە هاونیشتمانییان دراوە.

بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی کارەبا باسی لەوەکرد "ئێستا وێستگەی خەبات تێست دەکەین، یەکەیەک ئیش دەکات و یەکەی دووەمیش دەستبەکاردەکات. ئەگەر ئەو وێستگەیە سەرکەوتوو بێت، ئەوا بە هەردوو یەکەکە 300 مێگاوات کارەبا زیاد دەکات، هەر یەکەیەکیان 150 مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت".

ئومێد ئەحمەد گوتیشی "ئێستا سێ هەزار و 250 مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێندرێت، بەڵام خواستنی هاونیشتمانییان لەسەر بەکارهێنانی کارەبا چوار هەزار و 700 مێگاواتە و چاوەڕواندەکرێت بۆ کۆتایی مانگی ئەیلوول خواست بۆ چوار هەزار مێگاوات دابەزێت".
Top