نرخی کارەبای موەلیدە ئەهلییەکان بۆ مانگی ئاب دیاریدەکرێت
ئەندازیار قارەمان مەولوود، سەرۆکی لیژنەی بەدواداچوونی موەلیدە ئەهلییەکان لە پارێزگای هەولێر راگەیاند "نرخی ئەمپێرێك كارەبا لە گەڕەکێک بۆ گەڕەکێکی دیکەی پارێزگای هەولێر جیاوازە، بەهۆی زیاد و کەمی کاژێرەکانی کارکردنیانەوە. ئەو شوێنانەی کارەبای موەلیدەیان 240 بۆ 267 کاژێر پێدراوە، نرخی ئەمپێرێک کارەبا لەنێوان هەشت بۆ 10 هەزار دینار دەبێت".
قارەمان مەولوود ئەوەشی گوت "لە بەحرکە و چەند شوێنێکی دیکە کە 300 کاژێر کارەبای موەلیدە بە هاونیشتمانییان دراوە، بڕی 12 هەزار دینار بۆ هەر ئەمپێرێک کارەبا دیاریکراوە".
بەگشتی بۆ هەر کاژێرێک پێدانی کارەبای موەلیدە بە هاونیشتمانیان، بڕی 40 دینار دیاریکراوە.
هاوکات سیروان محەممەد، ئەندامی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانیش راگەیاند "بڕیارە سبەی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی کۆببینەوە، ئەوکات نرخی کاژێرێک کارەبای موەلیدەی ئەهلی دیاریدەکرێت. لە هەڵەبجەش چاوەڕوانی دیاریکردنی نرخن لە سلێمانییەوە".
سیروان محەممەد ئاماژەی بەوەشکرد "ژمارەی کاژێرەکانی کارکردنی موەلیدەکان و نرخی گاز لە شارەکان کاریگەری لەسەر زیاد و کەمی پارەی مۆلیدە ئەهلییەکان لە شارێک بۆ شارێکی دیکە دەبێت".
