مووچەی بەشێک لە زیندانییە سیاسییەکان دەبڕدرێت

مووچەی بەشێک لە زیندانییە سیاسییەکان دەبڕدرێت
ئەو زیندانییە سیاسییانەی دوو مووچەیان هەیە سەرپشک دەکرێن یەکێکیان هەڵبژێرن، سەرۆكی لیژنەی شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانیی سیاسی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: بەپێی یاسا ماوەی ئەو مینحەیە کۆتایی هاتووە کە دەدرێت بە زیندانییە سیاسییەکان و هەوڵەکانیش بۆ هاوتاکردنی مووچەی زیندانیانی سیاسی کوردستان لەگەڵ عێراق و گواستنەوەی مووچەکەیان بەردەوامە.

سەوسەن محەممەد، سەرۆكی لیژنەی شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی كوردستان راگەیاند "بەپێی یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2011ی پەرلەمانی كوردستان كە لە 30-6-2011 دەرچووە، زیندانیانی سیاسی تەنیا 10 ساڵ مینحە وەردەگرن، دوای ئەوە سەرپشک دەکرێن مووچەی حکومەت وەربگرن یاخود ئەو مینحەی وەک زیندانی سیاسی بۆیان دیاریکراوە.

سەوسەن محەممەد دەڵێت: "بەپێی یاساش تەنها یەک مووچەی دیکە وەردەگرن، چونکە مانگی 7ی ئەمساڵ ماوەکە تەواوبوو، لە هەفتەی رابردوودا زیندانە سیاسییەکان یاداشتێکیان دایە لیژنەکەمان ئێمەش بەرزمان کردووەتەوە بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ ئەوەی مووچەکە و مینحەکەشیان بەردەوام بێت، بۆ ئەوەش دەبێت یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2011 هەمواربکرێتەوە".

ئەو یاسایە تەنها ئەو زیندانییانە دەگرێتەوە کە دوو مووچەیان هەیە، مووچەی حکومی کە وەک هەر فەرمانبەرێک بەپێی پلە وەزیفییەکەی و ساڵانی خزمەت وەریدەگرێت و مینحەی زیندانییانی سیاسی.

بە گوتەی سەوسەن محەممەد هەوڵەکان بەردەوامە بۆ هاوتاکردنی مووچەی زیندانیانی سیاسی و گواستنەوەی مووچەکەیان بۆ سەر دەزگای زیندانییە سیاسییەكانی عێراق بەپێی ماددەی 232ی دەستووری عێراق، بەڵام تاوەکو ئێستا عێراق رەزامەندی لەسەر گواستنەوەی مووچەکەیان نەداوە.

بەپێی زانیارییەکان لە 24-6-2019 ئەمیندارێتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، وەڵامی حکومەتی هەرێمی کوردستانی داوەتەوە و دەڵێت: دەبێت مووچەكەیان لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بێت.

سەرۆكی لیژنەی شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی كوردستان لە بارەی دوو مووچەییەوە گوتی: "ئێمە لەگەڵ دوو مووچەییدانین، بەڵام زیندانە سیایسییەکان بیانووی خۆیان هەیە بۆ ئەوە، هەر کات یاسای چاکسازیش هاتە پەرلەمان بە لیستی ناوەکاندا دەچینەوە، چونکە زۆرکەس هەیە زیندانی سیاسی بووە بەش خوراوە و هیچ مووچەیەکی نییە و هەشە زیندانی سیاسی نەبووە و مووچەی زیندانی سیاسی وەردەگرێت".

لە هەرێمی كوردستاندا پێنج هەزار ‌و 162 زیندانی سیاسیی مووچەیان هەیە ‌و مووچەكانیشیان بەپێی ساڵانی زیندانیان لە نێوان 250 هەزار دینار تاوەكو یەك ملیۆن دینارە، ئەوەش بەپێی یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2011 پەرلەمانی كوردستان رێكخراوە، لەسەر ئاستی عێراقیش زیاتر لە 100 هەزار زیندانی هەن ‌و زۆرترین مووچەشیان یەک ملیۆن ‌و 250 هەزار دینارە.
Top