ئەمساڵ 240 دۆسیەی مادەی ھۆشبەر لە ڕاپەڕین کراوەتەوە

ئەمساڵ 240 دۆسیەی مادەی ھۆشبەر لە ڕاپەڕین کراوەتەوە
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین ئاشکرای کرد لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستە، تەنها لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕیندا 240 دۆسیەی تایبەت بە مادەی ھۆشبەر کراوەتەوە.

محەمەد فازڵ گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین رايگەیاند لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئەمڕۆ لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین 240 دۆسیەی تایبەت بە مادەی ھۆشبەر لەسەر بڕیاری دادوەری دادگای لێکۆڵینەوە و بە پێی مادەی (14)ی تایبەت بە مادەی ھۆشبەر لە یاسای سزادانی عێراقی کراوەتەوە کە تا ئێستە لە میانی لێکۆڵینەوەدا 40 لەو دۆسیەیانە داخراون و 30 دۆسیەش حەواڵەی دادگا کراون و 50 دۆسیەی دیکەش لە لێکۆڵینەوەدان.

گوتیشی لەو دۆسیانەدا 127 کەس بە تۆمەتی بەکارھێنان و بازرگانیکردن ڕاگیراون و 17 کەسی دیکەش بە کەفالەت تا ڕۆژی دادگاییکردن ئازاد کراون و 55 کەسیش سزایان بۆ بڕاوەتەوە.

دەربارەی ئەو مادانەی بەو بەکارھێنەر و بازرگانانەوە گیراوە، محەمەد فازڵ ڕوونی کردەوە کە مادە ھۆشبەرە دەست بەسەرداگیراوەکان بریتین لە یەک کیلۆ و 400 گرام تلیاک، 11 کیلۆگرام و 96 گرام کڕیستاڵ، دوو کیلۆ و 100 گرام ھێرۆین 70 لیتر ترشی ئەسید و 6446 دەنک حەبی بۆژنەر و 776 گرام حەشیش و کۆمەڵێک کەلوپەلی دیکەی بەکارھێنان و فرۆشتنی مادەی ھۆشبەر.












باسنيوز
Top