کونسوڵی فەرەنسا: بە گرنگییەوە لە کارنامەی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڕوانین
ئەمڕۆ یەکشەممە 1/9/2019، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئۆلیڤییە دیکۆتینێ، کونسولی نوێی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان کرد و تێیدا چەند پرسێکیان تاوتوێ کرد.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە کونسوڵی نوێ کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و ئاماژەی بە پەیوەندیی مێژوویی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "سوپاسی دەوڵەتی فەرەنسا دەکەین کە بەردەوام هەڵوێستی دۆستانە بووە بەرامبەر گەلی کورد و هەرێمی کوردستان، ئومێدەواریشم پەیوەندییەکانمان زیاتر گەشە بسەنێت".
لای خۆیەوە کونسوڵی نوێی فەرەنسا سوپاسی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی: "بە گرنگییەوە لە کارنامەی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێم دەڕوانین و حکوومەتی فەرەنساش ئامادەیە بۆ پێشکەشکردنی هەر هاوکارییەک کە پێویست بێت بۆ یارمەتیدانی هەرێمی کوردستان".
باسنيوز
