بەرپرسانی شارەوانیی هەولێر ڕوونکردنەوە لەبارەی خانووەکانی گەڕەکی تەعجیل دەدەن

بەرپرسانی شارەوانیی هەولێر ڕوونکردنەوە لەبارەی خانووەکانی گەڕەکی تەعجیل دەدەن
سەرۆكی شارەوانیی هەولێر لەبارەی هەواڵی ڕووخاندنی خانووە چۆڵ و کەلەپوورییەکانی گەڕەكی "تەعجیل" و دروستكردنی گەراج لە شوێنەكانیان، ڕوونكردنەوە دەدات.

سامان محەمەد، سەرۆكی شارەوانیی هەولێر ڕايگەیاند: "ئەو بابەتە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ دەرچووە و زیاتر لەڕێگەی پارێزگاری هەولێرەوە سەرپەرشتی دەكرێت، بۆ ئەوەی گەڕەكەكان بخرێنە سەر شارەوانی و (ئیستملاك) بكرێن، بۆ ئەو مەبەستەش لێژنەیەكی تایبەتمەند لە شارەوانیی یەك دروست بووە كەلە لایەنی پەیوەندیدار و داواكاری گشتی پێكهاتوون“.

سەرۆكی شارەوانیی هەولێر گوتیشی: "وردە وردە خانووەكان ئیستملاك دەكرێن و قەرەبوو بە خاوەنەكانیان دەدرێت، بۆیە ئەو خانووانەی ئیستملاك نەكراون، یان زۆر كۆنن و داڕماون، نابێت ڕێگەیان پێ بدرێت بڕووخێنرێن، یان نۆژەن بكرینەوە و دەبێ شێوەی ئاسەواریان پێوە بمێنێت".

سامان محەمەد، ڕوونیشی كردەوە: "لەلایەن یونسكۆ، پارێزگار و شارەوانییەوە وا دانراوە نۆژەن بكرێنەوە، ئەگەر بێت و خەڵكانێك بیانهەوێ کە بیانڕووخێنن، ئەوا ڕێپێدراو نییە، ئەگەر حاڵەتێكیش هەبێ چاوپۆشی لێ كرابێت، پێمان باشە ئاگادار بكرێینەوە و لێپێچینەوەی یاسایی لەسەر دەكەین".

لەلایەن خۆشیەوە مەریوان هادی، بەڕێوەبەری شارەوانیی یەكی هەولێر ڕايگەیاند: "گەڕەكی تەعجیل و خانەقا دوو گەڕەكن ناوچەیەكیان فەرمانی ئیستملاككردنی بۆ ئێمە هاتووە لەسەر نەخشەیە و پێی دەگوترێ (conservation Area)، ئەوە دەستكاری ناكرێن".

هاوكات گوتیشی: "ئەو بەشەی كە ئیستملاك نەكراوە، خەڵكێكی زۆر فشار دەكات و دەڵێن ئەوە حەوت ساڵە حكوومەت بلۆكی لە خانووی من داوە و ڕێگە نادات دەستکاریی بکەم و بەکاری بهێنم، بۆیە لەو خاڵەدا خەڵكێكی زۆر هەلەکە دەقۆزنەوە و فشار لە شارەوانیش دەكەن، بۆیە بە شێوەیەكی نافەرمی دەیكاتە گەراج".

مەریوان هادی ئاماژەی بەوە كرد: "شارەوانی ئیفرازات (خاک و شوێن)ی نوێی نییە كە وەك قەرەبوو پێیان بدات، من بەڵێن دەدەم ئەگەر ئیفرازاتی نوێ هەبێت، ئەوا لە ماوەی شەش مانگدا هەموو ئەو خانوانە كە نزیكەی ٨٠٠ خانووە ئیستملاكی دەكەین".










باسنيوز
Top