دیندار زێباری: حکوومەتی هەرێم هیچ ئاوارەیەک بە زۆر ناگەڕێنێتەوە ناوچەکانی خۆیان
رۆژی 28/8/2019 رێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ لەسەر زاری بەرپرسی توێژینەوەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رای گەیاند سەرەڕای مەترسییە ئەمنییەکان و نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست لەو شوێنانە، بە سەدان ئاوارەی عێراقی لە کەمپێکی حەمام عەلیل بە زۆر دەگەڕێنرێنەوە سەر شوێنەکانی خۆیان لە حەویجە.
سەبارەت بە گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان پاش رزگار کردنیان لەدەستی داعش د. دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێم گوتی: هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیچ کەسێک بە زۆر ناگەڕێننەوە سەر شوێنەکانی خۆیان لە هەمان کاتدا رێگریش نین لە گەڕانەوەی خەڵکی ئەم ناوچانە بۆ سەر زێدی خۆیان، بەڵام بەشێک لەو گوندانەی کە خەڵکەکەی ئاوارە بوون دەکەونە هێڵەکانی پێشەوە و بەهۆی بارودۆخی ئەمنی و بوونی مینی چێندراو لەو ناوچانە و نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست وەک ئاوی پاک، فریاکەوتنی سەرەتایی، خوێندن و کارەبا گەڕانەوەیان لە ئێستادا ئەستەمە.
زێباری ئاماژەی بە سازکردنی زەمینەیەکی لەبار بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان کرد و لەمبارەوە گوتی: "سەرەتا پێویستە ئەو ناوچانە لەو مینە چێندراوانە پاک بکرێنەوە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک ئاوی پاک، فریاکەوتنی سەرەتایی، خوێندن و کارەبایان بۆ دابین بکرێت ئینجا بگەڕێنەوە. لە لایەکی دیکەشەوە ژمارەیەکی زۆر شانەی نوستووی داعش لەو ناوچانە بوونیان هەیە و مەترسیان بۆ رەوشی ئەمنی و سەقامگیری ناوچەکە دروست کردووە. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا نەبوونی هیچ سەرچاوەیەکی داهات بۆ ژیان یەکێک لەسەرەکیترین رێگرییەکانە لەبەردەم گەڕانەوەی خەڵک بۆ ناوچەکانیان".
د. دیندار زێباری گوتیشی: "دانیشتووانی هەندێک لە گوندەکانی نەینەوا و ناوچەکانی ترى ماددەی ١٤٠ بەشێکی خەڵک ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، هۆکاری سەرەکیش بوونی مینی چێندراو، بوونی شەڕی تایفی، نەبوونی خزمەتگوزارییە لەم ناوچانە، بەڵام لە هەندێک لە گوندەکانی دیکەی دەشتی نەینەوا کە بارودۆخ بۆ گەڕانەوە لەبارە، سەرەڕای ئەمانەش بەپێی راپۆرت و داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان تا ئێستا نزیکەی یەک ملیۆن و شەش سەد هەزار ئاوارە نەگەڕاوەنەتەوە سەر زێدی خۆیان کە ژمارەیەکی زۆریان لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، ئەمەش بارگرانییەکی زۆری لەسەر هەرێمی کوردستان درووستکردووە، چونکە بە هۆی کەمی کۆمەکەوە نەتەوەیەکگرتووەکان یارمەتییەکانی کەمیکردووە و ئەم ئاوارانەش پێویستیان بە هاوکاری زیاتر هەیە".
لە درێژەی قسەکانیدا رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتیشی: "ئەو ئاوارانەی کە ناوچەکانیان بۆ ژیان دەبێت و مەترسی لەسەر ژیانیان نییە، هەموو ئاسانکارییەک کراوە کە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان".
لە کۆتایی قسەکانیدا رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان رای گەیاند: "هەموو ئاوارەکان لە هەرێم ئاگادار کراونەتەوە لەوەی ئازادن لە گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان جگە لەو کەسانەی تۆمەتبارن بەوەی پەیوەندیان بە داعشەوە هەبوو بێت کە ئەوانیش بەپێی یاساکانی هەرێم مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت".
باسنيوز
