دانیشتووانی شارۆچکەی حوسەینییە دژی کەمی خزمەتگوزاری خۆپیشاندان دەکەن

دانیشتووانی شارۆچکەی حوسەینییە دژی کەمی خزمەتگوزاری خۆپیشاندان دەکەن
لە دژی نەبوونی كارەبا و تەرخانكردنی بڕی 50 ملیۆن دینار بۆ ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا، دانیشتووانی ناحیەی حوسەینییە لە پارێزگای كەربەلا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

خۆپیشاندەرێک دەڵێت "لامان سەیرە مانگانە بڕی 50 ملیۆن دینار بۆ ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا تەرخاندەكرێت لەكاتێكدا ئێمە بەدەست گرفتی نەبوونی كارەبا دەناڵێنین، باشتر بوو ئەنجوومەنی پارێزگا كێشەی كارەبا چارەسەر بكات نەك كار لەسەر تەرخانكردنی پارە بۆ ئەندامانی بكات".

نەبوونی خزمەتگوزاری بنەڕەتیش هۆكارێكی دیكەی دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكە بووە لە حوسەینییە.

خۆپیشاندەرێکی دیکە دەڵێت "هیچ خزمەتگوزارییەك لە شارۆچکەی حوسەینیەی سەربە پارێزگای كەربەلا نییە، لەگەڵ ئەوەش ئەنجوومەنی پارێزگا ئەو بڕە پارە زۆرە بۆ ئەندامانی تەرخاندەكات".

لەبەرامبەردا ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەربەلا رەتیكردەوە هیچ بڕە پارەیەك بۆ ئەندامانی ئەنجوومەن تەرخانكرابێت، هاوكات كێشەی كەمی كارەباشی بۆ بوونی كێشە لە دابەشكردن زیادڕۆیی گەڕاندەوە.

نافیع مەیالی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەربەلا راگەیاند "بە هیچ شێوەیەك ئەو بڕە پارە بۆ ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا تەرخاننەكراوە. پێشنیازێك كرا بۆ تەرخانكردنی یەك ملیۆن و 500 هەزار دینار، بەڵام ئەندامانی ئەنجوومەن رەتیانكردەوە. پرسی وردەخەرجیش بوونی نییە و پڕوپاگەندەی پەیجەكانی فەسبووكە".

نافیع مەیالی دەشڵێت "كەمی كارەبا بەهۆی دابەشكردن و تۆڕەكانی دابەشكردنە لەسەرتاسەری عێراق كە پێویستیان بە نۆژەنكردنەوەیە، سەرەڕای بوونی زیادەڕۆیی و خانووە هەڕەمەكییەكان كە هۆكاری سەرەكی كەمبوونەوەی كارەبان".

لە سەرەتای ئەم مانگەدا ئەنجوومەنی پارێزگای كەربەلا بڕیاریدا لە داهاتی گشتی و بەڕێژەی 60% وردە خەرجی مانگانە بۆ ئەندامانی ئەنجوومەن تەرخانبكات، ئەوەش كاردانەوەی زۆری دانیشتوانی پارێزگاكەی بەدوای خۆیدا هێنا.
Top