پاسپۆرتی عێراق دەگۆڕدرێت

پاسپۆرتی عێراق دەگۆڕدرێت
پاسپۆرتی عێراق دەگۆڕدرێت. بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی دەڵێت، پاسپۆرتە نوێیەکە پێشکەوتووە و پێویستی بە مۆری هاتن و چوون نابێت، هەر پارێزگایەکیش وێنەی دیارترین شوێنی لەسەر پاسپۆرتەکە دەبێت.

عەمید سالار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی راگەیاند، پاسپۆرتی عێراق دەگۆڕدرێت بە پاسپۆرتێکی کوالێتی بەرز، لاپەڕەی یەکەمی پاسپۆرتە نوێیەکە سیمکارتێکی تێدایە کە سەرجەم زانیارییەکانی تێدایە و بێجگە لە پەنجەمۆر، چاویش دەخوێنێتەوە.

هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ ئەوەیە پاسپۆرتە نوێیەکە لە ساڵی نوێدا بدرێتە هاووڵاتیان، بە کەوتنەکاریشی لە فڕۆکەخانەکان پێویست بە مۆری هاتن و چوون نامێنێت، چونکە پەڕەی یەکەمی هەموو زانیارییەکی تێدایە و خاوەنی پاسپۆرتەکە دەیخاتە سەر ئامێرەکە و دەرگای فڕۆکەخانەی بۆ دەکرێتەوە.

بەگوتەی عەمید سالار، هەر پارێزگایەک لاپەڕەی یەکەمی پاسپۆرتەکەی دوو وێنەی دیارترین و ناسراوترین شوێنی ئەو پارێزگایەی لەسەرە، بۆ پارێزگای سلێمانیش نووسراویان بۆ پارێزگار کردووە و چاوەڕوانن دوو وێنەیان بۆ بنێردرێت و لەسەر هەردوو دیوی لاپەڕەی یەکەمی پاسپۆرتەکە دابنرێت.

لەبارەی پارێزگای هەڵەبجەوە، عەمید سالار گوتی "هەڵەبجە لە پاسپۆرتە نوێکەدا وەک پارێزگاکانی دیکە دەبێت و دوو وێنەی دیارترین شوێن و سیمبوولی شارەکە لەسەر پەڕەی یەکەمی دەبێت".
Top