دەروازە سنوورییەکان بەڕووی تەماتەدا دادەخرێن
شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی سلێمانی راگەیاند، سبەی (یەکشەممە 1-9-2019) هاوردەکردنی تەماتە بۆ هەرێمی کوردستان قەدەخەدەکرێت و رێگەی پێنادرێت.
لەبارەی پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆ، شاڵاو جەمال گوتی "بەرهەمی تەماتەی ناوخۆیی پێگەیشتووە و پێداویستی بازاڕ بەزیادەوە پڕدەکاتەوە. هەرچەندە نرخ دیارینەکراوە، بەڵام ئەگەر لە هەزار و 750 دینار تێپەڕبێت، ئەو کاتە دەروازەکان دەکەینەوە بۆ ئەوەی بەبێ گومرگ تەماتە هاوردەبکرێت".
وەزارەتی کشتوکاڵ پلانی داناوە لەکاتی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆ، هاوردەکردنی چەند بەرهەمێکی دیکەش لە وڵاتانی دراوسێوە قەدەخەبکات، وەک هەنار و پەتاتە.
بەگوتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی، وڵاتان بەتایبەتی ئێران هاندەرێکی گەورەی جووتیارەکانێتی کە بەرهەمی تەماتە هەناردەی کوردستان بکەن و لە بەرامبەر هەناردەکردنی هەر تۆنێک تەماتە یان هەر بەرهەمێکی دیکە، رێگەیاندەدات بەبێ گومرگ تۆنێک کەلوپەل و پێداویستی ببەنەوە ئێران.
سەروەر عەلی، سەرۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانی لەبارەی نرخی تەماتەوە راگەیاند "ئێستا نرخەکەی بەپێی باشی و خراپییەکەی لە 200 دینارەوە بۆ 600 دینارە. چاوەڕواندەکەین دوای جێبەجێکردنی بڕیاری قەدەخەکردنی هاوردەکردنی تەماتە، نرخەکەی لە 500 بۆ 600 دیناردا جێگیرببێت".
سەروەر عەلی دەڵێت، بەهەمی تەماتەی سەرجەم ناوچەکان پێگەیشتووە و پێداویستی ناوخۆ بە زیادەوە پڕدەکاتەوە، بۆیە بۆ ناوچەکانی باشوری عێراقی هەناردە دەکەن، هەرچەندە رێژەکەی کەمە.
بەگوتەی سەرۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانی، رۆژانە شاری سلێمانی پێویستی بە زیاتر لە 150 تۆن تەماتە هەیە.
