سەرۆكی شارەوانیی دووكان: خانووە زیادەڕۆكان تاپۆ دەكرێن

سەرۆكی شارەوانیی دووكان: خانووە زیادەڕۆكان تاپۆ دەكرێن
سەرۆكی شارەوانیی دووكان تاپۆكردنی خانووی گەڕەكە زیادەڕۆكانی قەزاكە ڕادەگەیەنێت و ئاماژە بەوە دەدات هەر خانوویەك لەناو نەخشەی بنەڕەتیدا بكەوێتە شوێنی پرۆژەی خزمەتگوزاری، یان قوتابخانە و باخچە و شوێنی گشتییەوە خاوەنەكەی قەرەبوو دەكرێتەوە.

پشتیوان ئەحمەد، سەرۆكی شارەوانیی دووكان، ڕايگەیاند: "لە ڕابردوودا قەزای دووكان لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە بەتەواوی خاپوور كرا و لە سایەی دەسەڵاتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەلایەن هاووڵاتییانەوە جارێكی دیکە گەڕەكەكان دروست كرانەوە و لەم ساڵانەی دواییدا ژمارەیەك گەڕەكی وەك فەرمانبەرانی سەروو و خواروو كێشەی زۆریان هەبوو، بەسوود وەرگرتن لە بڕیارێكی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران توانیمان دەست بكەین بەتاپۆكردنی خانووەكانیان".

گوتیشی: "80%ی خانووەكان لەسەر خاوەنەكانیان تاپۆ كراون و چەند خانوویەك بە شێوەی تاك تاك ماون، ئەگەر لەگەڵ نەخشەی بنەڕەتیدا گونجان، تاپۆیان دەكەین، بەپێچەوانەشەوە ئەگەر بەر پرۆژەی خزمەتگوزاری و قوتابخانە و باخچە بكەون و لیژنەكە پێی وابێت گرنگن شوێنەكانیان قەرەبوویان دەكەینەوە و دەیانڕووخێنین".

پشتیوان ئەحمەد ئاماژەی بەوەش دا: "گەڕەكی مەقلەعەكەش كە بە شێوەیەكی ئەندازەیی درووست نەكراوە و زیادەڕۆیە، نەخشەی بنەڕەتیی بۆ كراوە و پلەی كۆتایی وەرگرتووە و لە قۆناغی ئەوە داین تاپۆی بكەین لەسەر خاوەنەكانیان".

جەختیشی كردەوە "لیژنەیەكی تۆكمەی زیادەڕۆشمان هەیە لە دەستبەكاربوونمانەوە نەمانهێشتووە هیچ زیادەڕۆیەكی نوێ لە سنوورەكەدا دروست بكرێت".











باسنيوز
Top