وادەی ناردنەوەی پرۆژەیاسای چاکسازی بۆ پەرلەمان دیاری کرا
پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لێژنەیەکی هاوبەشیان بۆ پێداچوونەوە بە پرۆژەیاسای چاکسازی بکەن و بینێرنەوە پەرلەمان بۆ پەسەندکردنی.
بەپێی زانیارییەکان، حکوومەت رۆژی 15-9-2019 پرۆژەیاساکە دەنێرێتە پەرلەمان و لە ماوەی دوو مانگدا دەنگی لەسەر دەدرێت.
محەمەد سەعدەدین، ئەندامی لێژنەی پێداچوونەوە بە پرۆژەیاسای چاکسازی رايگەیاند، حکوومەت پرۆژەیاساکەی ناردووەتە وەزارەتەکان بۆ پێداچوونەوە و پێشکەشکردنی پێشنیازەکانی خۆیان.
محەمەد سەعدەدین هەروەها رایگەیاند، دوای تەواوکردنی پێداچوونەوە بە پرۆژەیاساکە، وەزارەتەکان پێشنیاز و تێبینیی خۆیان پێشکەشی حکوومەت دەکەن و دواتریش حکوومەت پرۆژەیاساکە دەنێریتە پەرلەمان.
پرۆژە یاسای چاکسازی لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە ئامادەکراوە. لە خولی پێشووی پەرلەمان بەھۆی ململانێی لایەنە سیاسییەکان نەتوانرا پەسەند بکرێت و لەم خولەدا، سەرجەم لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ پەسەندکردنی پرۆژەکەی حکوومەتن.
باسنيوز
