هونەردۆستێک لە ئامێدی "خۆی کوشت"

هونەردۆستێک لە ئامێدی
بەکر مستەفا، دامەزرێنەر و سەرۆکی پێشووی تیپی میللی نھێل لە ماڵەکەی خۆیدا لە گوندێکی سنووری ئامێدی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ئەمڕۆ هەینی 30-8-2019 بەکر مستەفا لە گوندی بلاڤەی سەر بە دێرەلووکی قەزای ئامێدی کۆتایی بەژیانی خۆی ھێنا، بەڵام ھێشتا ھۆکاری خۆکوشتنەکەی نەزانراوە.

سوبحی بلاڤەیی، ئامۆزای بەکر راگەیاند، کاژێر 11:00ی شەوی رابردوو بەکر گەڕاوەتەوە ماڵی خۆی، هاوژین و منداڵەکانی لە ماڵ نەبوون، نیوەڕۆی ئەمڕۆ برایەکی چووە بانگی بکات بۆ نان خواردن، کەچی دەبینێت لەناو ماڵی خۆیاندا بە پانکەوە خۆی هەڵواسیوە.

سوبحی بلاڤەیی دەڵێت، بەکر مستەفا ھیچ کێشەیەکی خێزانی و کۆمەڵایەتی نەبووە، کەسوکارەکەی بە خۆکوشتنەکەی شۆکبوون.

بەکر مستەفای تەمەن 45 ساڵ، خێزاندار و باوکی پێنج منداڵ بوو. شەیدای ھونەر و کولتووری رەسەنی کوردی بوو. لە ساڵی 2009 یەکێک لە دامەزرێنەرانی تیپی مللی نھێل بوو، چوار ساڵیش سەرۆکی تیپی نھێل بوو. هەروەها ناو ماڵەکەی خۆی وەکو مۆزەخانەیەکی کولتووری لێکردبوو.
Top