نەتەوە یەکگرتووەکان: لایەنەکان نیازپاکن بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک

نەتەوە یەکگرتووەکان: لایەنەکان نیازپاکن بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک
ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی دۆخی عێراق کۆبووەوە، 14 وڵات بەشێکی گوتارەکانیان لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا بوون و ستایشی رۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆککۆماری عێراقیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر کرد.

جگە لە ئەندەنوسیا، هەر 14 وڵاتەکەی دیکەی ئەندام لە ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی بەشێک لە گوتارەکانیان دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی عێراقی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو.

لەگەڵ زیاتر بەهێزبوونی، چینیش زیاتر هەڵوێست دەردەبڕێت دەربارەی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نوێنەری چین داوای پەلەکردنی کرد لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

وێو هاییتاو، جێگری نوێنەری چین لە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند "چین پێشوازی دەکات لە باشبوونی پەیوەندیەکانی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان. چین بەهیوای رێکەوتنە بەزووترین کات لەسەر داهاتەکانی نەوت و دابەشکردنی داهات و رێوشوێنە ئەمنییەکان".

لەدوای گشتپرسییەوە، چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکان لەنێوان هەولێر و بەغدا کراوەتە کاری لەپێشینەی بەرنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق و سێ مانگ جارێک ئەنجومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی کاتێک لەبارەی عێراق کۆدەبێتەوە، بەدوادواچوون لەسەر ئەو خاڵە دەکات و داوا لە عێراق دەکات پەلە لە چارەسەرکردنی کێشەکان بکات لەگەڵ هەولێر.

لە دانیشتنی ئەم جارەیدا بۆ یەکەم جار لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە راپۆرتی نێردەی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان دانی بەو هەڵوێستەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا نا کە دۆخی کەرکووک نائاساییە.

جەنین هارس پلاسخارت، نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند "من زۆر خۆشحاڵم بە پیشاندانی نیازپاکی لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە بۆئەوەی دواجار دەستبکەن بە چارەسەرکردنی بابەتی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک".

سەرەڕای نیگەرانی لەبارەی دیارینەکردنی وەزیری سامانە سرووشتییەکان، جەنین ستایشی بوونی سێ ئافرەتی کرد لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و گوتی "سیان لە وەزیرە کوردەکان و سەرۆکی پەرلەمانیش ئافرەتن. بەداخەوە لەسەر ئاستی فیدراڵی تاوەکو ئێستا یەک ئافرەت لە حکومەت دانەنراوە".

پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی و دەستخۆشی لە بەرهەم ساڵح لایەنێکی چاوەڕواننەکراوی ئەو کۆبوونەوەیە بوو کە لە باڵاترین ناوەندی دیپلۆماسی نێودەوڵەتیدایە.

ستێفان هیکی، جێگری نوێنەری بەریتانیا لە نەتەوەیەکگرتووەکان گوتی "ئێمە پێشوازی لە راگەیاندنی نێچیرڤان بارزانی وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەین و هەروەها پێشوازی لە ئامادەبوونی سەرۆک ساڵح دەکەین لە مەراسیمی سوێندخواردنەکەی. بە خۆشحاڵییەوە تەماشای هەوڵەکانی سەرۆک ساڵح و نێچیرڤان بارزانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەتایبەتی ئەو کێشانەی پەیوەندیدارە بە داهاتی نەوت دەکەین".
Top