عێراق داوای سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە رووسیا و چین دەكات
میدیاكانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە لە زاری بەرپرسێكی باڵای سەربازییان گواستەوە كە بەغدا ئەو داوایەی لە هەردوو وڵاتی زلهێز كردووە و پێدەچێت باوەڕی بە ئەمریكا نەبێت سیستەمێكی هاوشێوەی پێبفرۆشێت، ئەمەش لەبەر هەژموونی تاران بەسەر حكوومەت و دەسەڵاتی عێراقدا.
ئەم هەوڵەی عێراق بۆ دامەزراندنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پێشكەوتوو لە كاتێكدایە كە عێراق لەو وڵاتە دەگمەنانەی جیهانە هیچ سیستەمێكی بەرگریی ئاسمانی نیە و خاكەكەی واڵایە بۆ هەر هێرشێكی فڕۆكەی پێشكەوتوو.
بە پێی سەرچاوە سەربازییە عێراقیەكە، لە ئێستەوە رووسیا هەڵوێستی ئەرێنی پێشان داوە بۆ پێفرۆشتنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی.
ئەم هەواڵە لە كاتێكدایە كە دوێنێ چوارشەممە ڕۆژنامەی "جۆرسەلیم پۆست"ی ئیسرائیلی بڵاوی كردەوە كە دەزگای لێتوێژینەوەی موشی دایانی ئیسرائیلی هۆشداری دابووە عێراق لە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشی ئاسمانی نەناسراو و دوژمنكارانە، هۆكارەكەشی بۆ نەبوونی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە عێراق گێڕابووەوە.
دەزگایەكە ئەم دەرەنجامەی لە میانی لێتوێژینەوەیەكدا بۆ دەركەوتبوو كە لەبارەی سیستەمی دژە مووشەكی S300ی رووسی لەسەر خاكی سووریادا ئەنجام دابوو، كە سیستەمە دژە مووشەكیەكە بۆ ڕێگرتن لە دەربازبوونی فڕۆكەی ئیسرائیلی بەسەر ئاسمانی سووریادا دامەزراوە. هەروەها دەریخستووە كە لە كاتێكدا سووریا لە ڕێگەی سیستەمی دژە مووشەكیی رووسیاییەوە ئاسمانی وڵاتەكەی پاراستووە، كەچی عێراق ئاسمانی وڵاتەكەی بە چۆڵی و بێ بەرگری و پاراستن بەجێ هێشتووە.
بە پێی لێتوێژینەوە ئیسرائیلیەكە، ئەو لایەنەی هێرش دەكاتە سەر سووریا و ئێران، لەبەرئەوەی ناتوانێ راستەوخۆ هێرشەكەی ئەنجام بدات، پەنا دەباتە بەر هێرشكردنە سەر ئەو هێڵانەی یارمەتییەكانی ئێران بۆ سووریای پێدا تێپەڕ دەبێت، كە خاكی عێراقە و ئاسمانەكەی نەپارێزراوە و چاودێری لەسەر نیە.
