زانیاری لەبارەی وادەی دابەشکردنی موچەی مانگی حوزەیران
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیاند، "لیستی موچەی مانگی حوزەیرانی موچەخۆران و فەرمانبەران لەلایەن گەنجینەكانەوە وردبینی كراوە و دراوەتە وەزارەتی دارایی".
سەرچاوەكە وتیشی،"دوای پێداچونەوە و وردبینی وەزارەتی دارایی بڕیار دەدات بەگوێرەی خشتەیەكی نوێ دەست بە دابەشكردنی موچەی موچەخۆران بكرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، بڕیارە لە ڕۆژی چوارشەممەی هەفتەی داهاتوەوە، دەست بەدابەشكردنی موچەی مانگی حوزەیران بکرێت و یەکەم وەزارەتیش کەموچە وەردەگرێت وەزارەتی پێشمەرگەیە.
وەزارەتی دارایی و ئابوری لەمساڵدا هەشت موچەی فەرمانبەرانی دابەشکردوە، سێ موچەیان هی مانگەکانی 10، 11 و 12ی ساڵی رابردو بو، کە بەهۆی "قەیرانی دارایی"یەوە نەدرابو، هەروەها پێنج موچەی ئەمساڵیش دابەشکراوە.
وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی موچە پشتبە دو سەرچاوەی دارایی دەبەستێت، یەکەمیان، فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانە بەشێوەی سەربەخۆ، دوەمیان ناردنی پشکی هەرێمی کوردستانە لە بەغداوە کە مانگانە 522 ملیار دینارە.
