وەزیرى خوێندنى باڵا بڕیاریدا بەشێک لەکێشە دارايیەکانى زانکۆى هەڵەبجە چارەسەربکات
لەدرێژەى بەسەرکردنەوە مەیدانییەکانى د. ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەمەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربون و گوێگرتن لە زانکۆکانی هەرێمى کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێکەوتى (29/8/2019) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، زانکۆى هەڵەبجەى بەسەرکردەوە و بەشدارى کۆبونەوەى ئەنجومەنى زانکۆى هەڵەبجەى کرد، لە کۆبونەوەکەدا بڕیارى چارەسەرى پێویستی بۆ کێشە هەنوکەییەکانى زانکۆكە دا.
لە کۆبونەوەى ئەنجومەنى زانکۆى هەڵەبجەدا، کە هەریەک لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى و ڕاگرى کۆلێژەکانى زانکۆى هەڵەبجە ئامادەیبون، د. دانا عەبدوڵا سەرۆکى زانکۆى هەڵەبجە بەناوى ئەنجومەنى زانکۆ و مامۆستایانى زانکۆ بەخێرهاتنى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و وەفدى وەزارەتى کرد و، سەردانەکەی بە گرنگ وەسفکرد بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربون لە دۆخی خوێندنى باڵا لە هەڵەبجە و، گوێگرتن لە کێشە و گرفتەکانى زانکۆ و چارەسەرکردنیان، هەروەک ئاماژەشى بە زیادبونى چالاکییە زانستییەکانى زانکۆكهیان کرد بەتایبەت بەرزبونەوەى ڕێژەى بڵاوکردنەوەى توێژینەوەکان.
هەوڵدان بۆ دانانى میکانیزمێکى گونجاو بۆ چارەسەرى کێشەکانى زانکۆى هەڵەبجە بەتایبەت ئەو کێشانەى لە دەسەڵاتماندایە
له بهشێكی دیكهی كۆبونهوهكهدا، د. ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا ڕایگەیاند: مەبەستى سەرەکیمان بۆ سەردانى هەڵەبجە و، بەشداریمان لە کۆبونەوەى ئەنجومەنى زانکۆ، بریتیە لە گوێگرتن لە کێشە و گرفتەکانى زانکۆ و، هەوڵدان بۆ دانانى میکانیزمێکى گونجاو بۆ چارەسەرى کێشەکانى زانکۆى هەڵەبجە بەتایبەت ئەو کێشانەى لە دەسەڵاتماندایە، بۆ ئەوەش لە وەزارەت درێغى ناکەین بۆ خزمەتکردنی خەڵکى هەڵەبجە، بۆ ئەوەى لەئاست ئەو زوڵم و ستەمانەى لەسەردەمى ڕژێمى بەعس لەو شارە کراوە، بتوانین بەخزمەتکردن کەمێک لەو ئازارە کەم بکەینەوە.
هەڵەبجە مێژویەکى گرنگ و پێگەیەکى پر بایەخى بۆ گەلەکەمان هەیە، بۆیە هەرچیمان بۆ بکرێت ناتوانین بە تەواوەتى قەرزى هەڵەبجە بدەینەوە
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى، بۆ من و هەموانیش هەڵەبجە مێژویەکى گرنگ و پێگەیەکى پر بایەخى بۆ گەلەکەمان هەیە، بۆیە هەرچیمان بۆ بکرێت ناتوانین بە تەواوەتى قەرزى هەڵەبجە بدەینەوە، بۆ ئەوەش درک بە ماندووبن و هەوڵى مامۆستا و فەرمانبەرانى زانکۆکەتان دەکەین و، لەوە تێدەگەین کە هەوڵ بۆ پێشخستنى زانکۆکەتان دەدەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت باشتر لە رابردوو بەردەوام بین لە پێشخستنى زانکۆى هەڵەبجە، بۆیە ئەرکى هەموومانە بایەخى زیاتر بە زانکۆى هەڵەبجە بدەین و، هەوڵ بۆ پێشخستنى توانا زانستى و ئەکادیمییەکانى زانکۆ بدەین.
هەر لە وتەکەیدا، لەبەردەم ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆى هەڵەبجە، د. ئارام محەمەد قادر تیشکى خستە سەر ڕەهەندى نێودەوڵەتى شارى هەڵەبجە و وتى: شارى هەڵەبجە بەهۆى قوربانییەکانى لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى بۆته شارێك، كه خاوەن پێگەی تایبەت بەخۆیەتى، بۆیە ئێمە لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەدڵ و بەگیان هەمو هەوڵێکمان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەى زانکۆى هەڵەبجە بکەین بە زانکۆیەکى نێودەوڵەتى و، لەسەر ئاستى جیهانى خاوەن پێگەیەکى گرنگ بێت لە نەخشەى ئەکادیمى جیهانى.
لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەى ئەنجومەنى زانکۆى هەڵەبجە هەریەک لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت و، سەرجەم ڕاگرەکانى زانکۆى هەڵەبجە، پێشنیاز و بۆچونى خۆیان لەبارەى کاروبارەکانى پەیوەست بە زانکۆ و پلانى کاکردن و داواکارییەکانیان خستەڕو.
هەر لە پەراوێزى سەردانەکەیدا بۆ زانکۆى هەڵەبجە، د. ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە نزیکەوە لەگەڵ ژمارەیەک لە مامۆستا و خوێندکار کۆبوەوە، لە داواکارى و پێداویستییەکانى کۆڵییەوە و، بەپێى یاساو ڕێنماییەکان بڕیارى چارەسەرکردنى پێدان.
