"لە خانەی بێسەرپەرشتانی سلێمانی داوا لە منداڵە کچەکان دەکرێ هاوسەرگیری بکەن"
کامەران لەتیف، بەڕێوبەری سەنتەری بەرگری لە مافەکانی منداڵانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: " چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە بەرنامەیەکی تەلەفزویۆنیدا کۆمەڵێک مێردمنداڵ و نەوجەوانان باسیان لە خراپی ژیان و گوزەرانیان دەکرد لە خانەی بێسەرپەرشتانی سلێمانی، بەڵام لە بری ئەوەی ئەم خانەیە خانەیەک بێت بۆ منداڵانی بێسەرپەرشت کە ژیان و شکۆیان پارێزراوبێت و سۆز و خۆشەویستیان پێشکەشبکرێت، بە پێچەوانەوە بووەتە جێگەیەک بۆ سووکایەتی پێکردن و شکاندنی شکۆی مناڵەکان".
گوتیشی: "بەگوتەی منداڵەکان خۆیان لەو خانەیەدا ئەشکەنجە دراون، سووکایەتیان پێکراوە و بگرە گوشاریشیان بۆ ھێناون کە خانەکە بەجێبھێڵن، یاخود گوشیاریان بۆ کچانی منداڵ ھێناوە کە ھاوسەرگیری بکەن".
زیاتر گوتی: "ئەگەر بڕیارە خانە جێگایەک بێت بۆ حەوانەوەی ئەو منداڵانەی کە قوربانی کێشە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان بۆ ئەوەی ژیان و گوزەرانیان پارێزراوبێت ئەوا بەداخەوە خانەی بێسەرپەرشتانی سلێمانی بووەتە جێگایەک بۆ زیندانیکردن و ئەشکەنجەدانی مناڵان و سووکایەتی پێکردن و مامەڵەی نەشیاو لەگەڵیاندا".
ڕاشیگەیاند: "ئێمە وەکو سەنتەری بەرگری لە مافەکانی منداڵانی کوردستان وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی بە بەرپسیاری یەکەم دەزانین بەرامبەر بەو منداڵانەو بەو کێشەیەی ڕووبەروویان بووەتەوە، بۆیە ئەرکی وەزارەت و داواکاری گشتییە کە لێکۆڵێنەوەی ورد دەستپێبکات و لێکۆڵینەوەی یاسایی بەرامبەر کەسانی کەمتەرخەم ئەنجام بدات".
کامەران لەتیف، جەختی لەوەش کردەوە "ئێمە وەکو سەنتەری بەرگری لە مافەکانی منداڵان بەدواداچوون بۆ ئەم کەیسە دەکەین و ھەوڵ دەدەین مافی ئەو منداڵانە و کەرامەتیان لە کەدار نەکرێن و خەتاکاران سزای یاسایی خۆیان وەربگرن، بۆ ئەو مەبەستەش سەرەتا ئێمە لەگەڵ چەند لایەنێکی دیکەدا کەمپێنێکی ناڕەزایەتی ڕادەگەیەنین و ڕێگە نادەین سووکایەتی بە منداڵان بکرێت".
