بەشیر حەداد داوای خەرجکردنی پارەی گەنمی ساڵانی رابردوو دەکات

بەشیر حەداد داوای خەرجکردنی پارەی گەنمی ساڵانی رابردوو دەکات
د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆ جاری دووەم داوا لە سەرۆکوەزیران عادل عەبدولمەهدی دەکات، پارەی ساڵانی رابردووی گەنمی جووتیاران خەرجبکات و قەرەبووی ئەو زیانلێکەوتووانەش بکاتەوە کە بەهۆی ئاگرکەوتنەوە و لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە.

داواکەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان لەکاتێکدایە، بەشێک لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا پارەی گەنمی ساڵانی 2015، 2016 و 2017ـیان وەرنەگرتووە.

بۆ ساڵی 2019 جووتیارانی سنووری پارێزگای سلێمانی، 135 هەزار و 640 تۆن گەنمیان رادەستی سایلۆکان کردووە، کۆی نرخی گشتی زیاتر لە 71 ملیار دینارە، تاوەکو ئێستا 15 ملیار دیناری خەرجکراوە.

محەممەد حەسەن، بەڕێوەبەری بازرگانی دانەوێڵەی سلێمانی راگەیاند، سێ رۆژە لە هەموو بنکەکان چەکی پارە بەسەر جووتیاراندا دابەشدەکەن، پارەکەش گەیشتووە و دوای وەرگرتنی چەکەکانیان جووتیاران دەتوانن راستەوخۆ لە بانک چەکەکە بگۆڕن بە پارە.

بەگوتەی بەڕێوەبەری بازرگانی دانەوێڵەی سلێمانی، ئەو پارەیەی دەدرێت بە جووتیاران پارەی 135هەزار و 640 تۆن گەنمی ئەمساڵە کە بڕەکەی 71 ملیار دینارە، وەک قۆناخی دووەمیش بڕی 10 ملیار دینار گەیشتووەتە دەستیان.
Top