پەکەکە مێرمنداڵانی شنگال دەڕفێنێت و خێزانەکانیشیان لە ترسی ژیانیان سکاڵا تۆمار ناکەن

پەکەکە مێرمنداڵانی شنگال دەڕفێنێت و خێزانەکانیشیان لە ترسی ژیانیان سکاڵا تۆمار ناکەن
قایمقامی شەرعیی شنگال و بەرپرسی نووسینگەی كاروباری ئێزدییەكان لە پەرلەمانی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، بەرنامەی ڕفاندنی كچان و مێرمنداڵان لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان (پەكەكە)وە بەردەوامە و بەشێك لە خێزانی ڕفێندراوەكانیش لە ترسی ژیانیان، ناتوانن سكاڵا تۆمار بكەن.

مەحما خەلیل، ڕايگەیاند: "بەرنامەی ڕفاندنی منداڵان و مێرمنداڵان لەلایەن پارتی كرێكارانی كوردستان (PKK)وە لە سنووری شنگال بەردەوامە، بە شێوەیەكی نهێنی لە خێزانەكانیان دەیانڕفێنن و فێری بەكارهێنانی چەكیان دەكەن، ئەمەش دژی مافی مرۆڤە و دەستدرێژیكردنە بۆ سەر ژیانی کوردانی ئێزدی".

مەحما خەلیل باسی لەوەش کرد، بەشێك لە خێزانی ڕفێندراوەكان ”تەنانەت دوای ڕفاندنی ڕۆڵەكانیشیان، ناتوانن بێن و سكاڵا بكەن، لەبەر ئەوەی لەلایەن پەکەکەوە مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەبێت".

قایمقامی شەرعیی شنگال، گوتیشی: "لەبارە گلەیی و گازاندەی ماڵباتی ڕفێندراوەكان، ڕێكخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، كۆنسوڵخانە و نوێنەرایەتیی وڵاتان ئاگادار كراونەتەوە".

هاوكات ئەم كارانەی پەكەكەی بە ئاستەنگ لە پێش ئاسایش و ئاوەدانكردنەوەی دەڤەرەكە لەقەڵەم دا و بە پێویستی زانی "هێزە بیانییەكان لەناو شنگال دەربكرێن و ئاسایش سەقامگیر بكرێت“.

ئەوەشی نەشاردەوە کە دۆخی شنگال ئاڵۆزە و دۆخێکی باش نییە، ”لایەنەكانیش بۆ ئامانج و بەرژەوەندیی خۆیان لەوێ كار دەكەن و هەر كەسێك سەر بەوان نەبێت، توندوتیژیی بەارمبەر دەكەن".

جەختیشی كردەوە كە تەنیا بە دەركردنی هێزە بیانییەكان و هاتنی هێزێكی هاوبەش كە لە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و سوپا و هاوپەیمانان پێک بێت، دۆخی شنگال چارەسەر دەكرێت.

لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ەوە، میلیشیاکانی عێراق و هێزەکانی پەکەکە بە تەواوی دەستیان بەسەر شنگالدا گرتووە و بە جۆرەها شێوە، خراپەکاری بەرامبەر بە کوردانی ئێزدی لەو دەڤەرە دەکەن.











باسنيوز
Top