کەرتی بیناسازی لە کوردستان هێشتا لە شۆکی قەیرانی ئابووریدایە

کەرتی بیناسازی لە کوردستان هێشتا لە شۆکی قەیرانی ئابووریدایە
بەپێی ئامارێک، لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا، بەهۆی قەیرانی دارایی و راگرتنی پێشینەکان و شەڕی داعشەوە، پاشەکشەیەکی گەورە لە کەرتی بیناسازی لە هەرێمی کوردستان روویداوە، بەجۆرێک ژمارەی مۆڵەتی دروستکردنی خانوو و باڵەخانە بەڕێژەی 64% کەمى کردووە.

بەپێی داتاکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان کە پشتی بە ئاماری شارەوانی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەستووە، لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا پاشەکشێیەکی گەورە لە ژمارەی مۆڵەتی دروستکردنی خانوو و باڵەخانە لە هەرێمی کوردستان روویداوە، بەجۆرێک لە ساڵی 2013 شارەوانییەکان مۆڵەتیان بە دروستکردنی 27.269 خانوو و باڵەخانە بە تێچووی زیاتر لە دوو ترلیۆن و 46 ملیار دینار داوە، بەڵام ساڵی رابردوو تەنیا مۆڵەت بە دروستکردنی 9.746 خانوو و باڵەخانە بە تێچووی نزیکەی 658 ملیار و 2 ملیۆن دینار دراوە. لەم داتایەدا دەردەکەوێت دروستکردنی خانوو و باڵەخانە لە ساڵی 2018 بەراورد بە ساڵی 2013 بە رێژەی 64.2% کەمی کردووە.

بەپێی ئامارەکە، ساڵ بە ساڵ رێژەی پاشەکشەکە رووی لە زیادبوون کردووە. لە ساڵی 2013 مۆڵەت بە دروستکردنی 27.269 خانوو و باڵەخانە دراوە. لە ساڵی 2014 بۆ 20،339 مۆڵەت، لە ساڵی 2015 بۆ 15،047 مۆڵەت، لە ساڵی 2016 بۆ 11.293 مۆڵەت، لە ساڵی 2017 بۆ 9.110 مۆڵەت دابەزیوە. ئەگەرچی ژمارەی مۆڵەتەکان لە ساڵی رابردوو بەراورد بە ساڵی پێشتر 6.6% زیادی کردووە، بەڵام هێشتا کەرتی بیناسازی بەتایبەت دروستکردنى خانوو، شۆکی قەیرانی دارایی بەرى نەداوە.

موراد زەینەڵ ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەشی ئاماری بیناسازی لە دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، کە سەرپەرشتی کۆکردنەوەی داتاکان و رووپێوی هۆکارەکانی پاشەکشێی لە کەرتی بیناسازی کردووە، دەڵێت: "هۆکاری ئەو پاشەکشێ گەورەیەی لە شەش ساڵی رابردوودا لە کەرتی بیناسازی روویداوە، دەگەڕێتەوە بۆ قەیرانی دارایی، شەڕی داعش، راگرتنی پێشینەی نیشتەجێبوون و پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران".

بەهۆی کەمبوونەوەی خواست لەسەر دروستکردنی خانوو و باڵەخانە، تێکڕای دەستی کار و کەرەستەکانی بیناسازیش رووی لە دابەزین کردووە، بەجۆرێک تێکڕای تێچووی یەک مەتر دووجا لە کاری بیناسازی لە ساڵی 2013 بە 268 هەزار دینار خەمڵێنراوە، بەڵام لە ساڵی 2018 بۆ 231 هەزار دینار دابەزیوە، ساڵی 2016 کەمترین ئاستی تۆمار کردووە کە تەنیا 214 هەزار دینار بووە.

موراد زەینەڵ دەڵێت: "جیاوازییەکی زۆر لە تێکڕای تێچووی دروستکردنی یەک مەتر دووجا لەکاری بیناسازی لە نێوان پارێزگاکاندا هەیە. بەرزترین تێچوو لە پارێزگای دهۆک بووە لە ساڵی 2013 کە 303 هەزار دینار بووە. لە ساڵی 2018 بۆ 288 دابەزیوە. دوای ئەو پارێزگای سلێمانی دێت کە پێشتر تێچووی دروستکردنی مەترێک دووجا لە کاری بیناسازی 260 هەزار دینار بووە. ساڵی رابردوو بۆ 191 هەزار دینار دابەزیوە. لە پارێزگای هەولێریش لە 253 هەزارەوە بۆ 227 هەزار دابەزیوە. هۆکاری ئەم جیاوازییەش ئاستی بژێوی خەڵک و جیاوازیی دەستی کار بووە".

مراد زەینەڵ گوتی: "قەیرانی دارایی و راگرتنی پێشینەکان و پاشەکەوتی مووچە، کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی تێچووی دروستکردنی خانوو و باڵەخانەکانیش هەبووە و تێچووى یەک مەتر دووجا لە دروسکردنى خانوو بەرێژەى 14% کەمى کردووە".

لەڕووی زۆریی ژمارەی مۆڵەتی دروستکردنی خانوو و باڵەخانە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان پارێزگای هەولێر لەپلەی یەکەمدایە. لە ساڵی 2013 مۆڵەت بە دروستکردنى 11،756 خانوو و باڵەخانە دراوە، بەڵام لە ساڵی 2018 بۆ 4،419 مۆڵەت دابەزیوە. پارێزگای سلێمانی بە پێدانی 9،153 مۆڵەت لە 2013 لە پلەی دووەم بووە، بەڵام لە ساڵی 2018 ژمارەی مۆڵەتەکانی بۆ 3،158 مۆڵەت دابەزیوە، پارێزگای دهۆک بەپێدانی 5،346 مۆڵەت لە 2013 لە پلەی سێیەم بووە، بەڵام لە ساڵی رابردوو ژمارەی مۆڵەتەکانی بۆ 1،567 مۆڵەت دابەزیوە. گەرمیانیش ژمارەی مۆڵەتەکانی لە 1،014 مۆڵەتەوە بۆ 575 مۆڵەت دابەزیوە.

نەبەز محێدین، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر دەڵێت: "جگە لە کاریگەری قەیرانی دارایی و شەڕی داعش و راگرتنی پێشینەکانی خانووبەرە و پاشەکەوتی مووچە، کەمکردنەوەی بودجەی وەزارەتی شارەوانی و شارەوانییەکانیش وایکرد شارەوانییەکان نەتوانن تەسویەى زەوی بکەن، تەنانەت نەمانتوانی قەرەبووی خاوەن زەوییەکانەش بکەینەوە کە پێشتر زەوییەکانیان تەسویە کرابوو".

نەبەز محێدین پێیوایە زیادکردنی روسوماتی مۆڵەتی دروستکردنی خانوو، قیڕانە، رەسیف و ئاوەڕۆ رسوماتەکانی دیکەش کاریگەرییان لەسەر کەمکردنەوەی مۆڵەتی دروستکردنی خانوو و باڵەخانە هەبووە، بۆیە دەڵێت "پێویستە چاو بەو رسوماتانە بخشێنرێتەوە و بەشێکیان کەمبکرێنەوە".

بەهۆی باشبوونی بارودۆخی ئابووریی کوردستان کەمێک جووڵە کەوتووەتەوە نێو دروستکردنی خانوو و باڵەخانە بە تایبەتى لە شارى هەولێر.

بەشدار رەزا گوڵ بەرزنجی، بەڕێوەبەری شارەوانیی پێنج کە سەرپەرشتى 14 گەڕەکى شارى هەولێر دەکات، دەڵێت: "ساڵی رابردوو جووڵەیەکی باش لە دروستکردنی خانوو و باڵەخانە لە سنووری سەرجەم شارەوانییەکانی هەولێر بەگشتی و شارەوانی پێنج بەتایبەت روویدا، ئەمساڵیش بارودۆخی ئابووریی کوردستان باشتر بووە. بۆیە جووڵەکە زیاترە، ئەگەر بڕیارى راگرتنی زەویى تەقسیم دوو نەدرابایە کە ماوەیەک سیستی خستە جووڵەی دروستکردنی خانوو، گەشەکە زۆر زیاتر دەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێشبینی دەکەین جووڵەی دروستکردنی خانوو و باڵەخانە ئەمساڵ لە ساڵی رابردوو زۆر باشتر بێت".
Top