30 هەزار بیرى نایاسایی لە سنورى پارێزگای سلێمانیدا هەیە

30 هەزار بیرى نایاسایی لە سنورى پارێزگای سلێمانیدا هەیە
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ژێر زەویی سلێمانی لە ۆرکشۆپێكدا رایگەیاند 30 هەزار بیرى نایاسایی لە سنورى پارێزگای سلێمانیدا هەیە.

ئەمڕۆ چوارشەممە لە ۆرکشۆپێكدا بە بەشدارى ژمارەیەك لەتوێژەر و شارەزا و نوێنەری فەرمانگە پەیوەندیدارەكان، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ژێر زەویی سلێمانی پلانی 5 ساڵی داهاتوی بەڕێوەبەرایەتیەكەی ئامادەکرد و راشیگەیاند 30 هەزار بیرى نایاسایی لە سنورى پارێزگای سلێمانیدا هەیە.

فەرمانگەی ئاوی ژێر زەویی سلێمانی ئاماژەى بەوە کرد، ئامانجیانە سەر لە نوێ‌ بناغەی بەڕێوەبردن و پەرەپێدان و پاراستنی ئاوی ژێر زەوی دابڕێژنەوە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە راشیگەیاند دەیانەوێت ڕێنماییەكانی هەڵكەندنی بیر و كەمكردنەوەی دیاردەی زیادەڕەویی هەموار بكەنەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، پێداچونەوە بە یاسای هەڵكەندنی بیردا دەکرێت تا هەموان بتوانن سودمەند بن لەئاوی ژێرزەوی و و بەها بۆ ئەو سامانە نشتیمانییە بگەڕێتەوە.

بەپێى زانیارییە بڵاوکراوەکان، لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ژێر زەوی سلێمانی, 9612 بیری یاسایی هەیە، كە لە % 67 یان تایبەتن بەدابینکردنی ئاوی خواردنەوە و %6 بۆ كەرتی تایبەت و % 27 بۆ كشتوكاڵ و ئاودێری بەکاردەهێنرێت. هەروەها ئەوەش زانراوە کە نزیكەی 30 هەزار بیری نایاسایش بۆ مەبەستی جۆرا و جۆر هەڵكەندراون.
ئەمە لەکاتێکدایە کە دوێنێ پۆلیسى دارستان و ژینگەى سلێمانى دەستگیرکردنى 3 کەسى لە شارەزور راگەیاند کە بەشێوەیەکی نایاسایی سەرقاڵی بیرهەڵکەندن بون.
Top