مانگی داهاتوو بەشەنەوتی ماڵان دەگاتە کوردستان
کەریم عەلی سەرۆکی لیژنەی وزە و سەرچاوە سرووشتییەکان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی راگەیاند "لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق لە مانگی چوارەوە بۆ مانگی نۆ دابەشکردنی بەشەنەوتی ماڵان رادەگیرێت،
بۆیە ئێمەش چاوەڕوان دەکەین لەمانگی داهاتوودا نەوت لە بەغداوە بگاتە سلێمانی و بەسەر ماڵاندا دابەشبکرێت، چونکە ماوەی سێ ساڵە تەنها بەرمیلێک دابەشکراوە.
لەبارەی بڕی نەوتەکەوە کەریم عەلی گوتی: ئەو نەوتەی ساڵانە دێت بڕەکەی جێگیر نییە و هیچ بڕیارێکیش لەو بارەوە نییە، بەڵکو هاوکارییە و عێراق بە خاترانە دەینێرێت، بۆیە نازانین بڕەکەی چەندە، بۆ نموونە ساڵی رابردوو 70 ملیۆن لیتر هاتووە کە بەشێکی بۆ هەندێک فەرمانگە و ئاوارەکان بووە، لەکاتێکدا بە سلێمانی، هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی راپەرین و گەرمیان، پێویستی بە 110 ملیۆن لیتر نەوت هەیە بۆئەوەی هەر ماڵێک بەرمیلێک نەوت وەربگرێت.
بە گوتەی سەرۆکی لیژنەی وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، ئەو نەوتەی لە بازاڕدا دەفرۆشرێت هیچ پشکنینێک بۆ کوالێتییەکەی نەکراوە، لەبەرئەوەی لە سەرچاوەیەکی رەسمییەوە نایەن و بە قاچاخ دێنە بازاڕەکانەوە.
سابارەت بە نرخی بەنزینیش کەریم عەلی رایگەیاند: پاڵاوگەکانی (کەڵەک و بازیان) ئەو بەنزینەی بەرهەمی دێنن گرێبەستیان لەگەڵ عێراق هەیە و بۆ ئەوانی دەنێرن، لە شارەکانی عێراق دەدرێت بە 450 دینار لە بەنزینخانە حکومییەکان، لە ئەهلییەکانیش بە 500 دینارە.
لەماوەی رابردوو باس لەوە دەکرا بەنزینی 450 دیناری دەهێندرێتە هەرێمی کوردستان، کەریم عەلی گوتی: ئەو لێدوانانەی چەند پەرلەمانتارێکی عێراق دەیدەن تەنها موزایەدەیە، بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت بەنزینی 450 دیناری بهێندرێتە کوردستان، چونکە ئێمە بەنزینخانەی حکومیمان نەماوە و هەموویان کەرتی تایبەتن.
